پەرلەمانی عێراق بۆ قەرزی ناوخۆ و دەرەکی کۆدەبێتەوە

 پەرلەمانی عێراق بۆ قەرزی ناوخۆ و دەرەکی کۆدەبێتەوە
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق لە کۆبونەوەیەکدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بدات، کە لەلایەن حکومەتەوە بە ئامانجی دابینکردنی موچە بۆ پەرلەمان نێردراوە.

کاتژمێر 1:00ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ئامادەی کۆبونەوەی پەرلەمان بن


راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێڕاق داوا لە پەرلەمانتاران دەکات کاتژمێر 1:00ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن.

داوایکردوە رێگە بە حکومەت بدرێت قەرزی دەرەکی بە بەهای 7 ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆیش بە بەهای 40 ترلیۆن دینار بکات بە مەبەستی دابینکردنی موچە


هەرچەندە تائێستا ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە تەواوی نازانن حکومەت لە شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵدا بە بەراورد بە داهاتەکانی چەند روبەروی کورتهێنان دەبێتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی خەندان لەبەر دو هۆکار وەزارەتی دارایی داوایکردوە رێگە بە حکومەت بدرێت قەرزی دەرەکی بە بەهای 7 ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆیش بە بەهای 40 ترلیۆن دینار بکات بە مەبەستی دابینکردنی موچە.

لە نێوان بەرداشی دەستپێکردنەوەی ناڕەزاییەکان و بونی ئاستەنگی لە ئەنجامدانی چاکسازی، دەستی بۆ بژاردەیی زیادکردنی قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بردوە

بە گوێرەی زانیارییەکان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی 10%ی موچەی خانەنشینان و بونی فشارێکی فراوان لەسەر حکومەت بۆ دەستکارینەکردنی موچەی ئەو عێراقیانەی لە سعودیە بە "رفحا‌ئ"-کان ناسراون و لەگەڵ ئەوانەی خاوەنی دو موچەن و ئەوانەی موچەی "ئۆپۆزسیۆنی بەعس" وەردەگرن، بارگرانی لەسەر شانی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دروستکردوە و حکومەت لە نێوان بەرداشی دەستپێکردنەوەی ناڕەزاییەکان و بونی ئاستەنگی لە ئەنجامدانی چاکسازی، دەستی بۆ بژاردەیی زیادکردنی قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بردوە بە ئامانجی دابینکردنی موچە.









خەندان-
Top