ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە پێنج هەزار کەس نزیکدەبێتەوە
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 25-5-2020 بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا لە عێراق 194 هەزار 447 پشکنین ئەنجامدراوە، چوار هەزار و 632 تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، 163 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 818 کەسیش چاکبوونەتەوە، 1658 کەس ئێستا لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە هەفتەی رابردوو هیچ رۆژێک نەبووە لە عێراق 100 کەس تووشی کۆرۆنا نەبووبێت، تەنانەت لە 10 رۆژی رابردوو 1123 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ژمارەیەک کەسیش هەر بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئاماری دروست لەبارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان ورد نین و نایانەوێت ئاماری راستەقینە ئاشکرا بکرێت، بەهۆی ئەوەی کەسانێک هەن بەهۆکاری دیکە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە کۆرۆنا تۆمارکراون.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رێنمایی تەندروستی بڵاوکردووەتەوە و رێنمایی داوەتە خەڵک، وەزارەتی ناوخۆش قەدەخەی هاتووچۆی تاوەکو 31-5-2020 راگەیاندووە، بەو پێیەی حاڵەتەکان بەرەو تەشەنەسەندن دەچێت وەزارەتی ناوخۆ ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەگەری هەیە قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکرێتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش خەڵک زۆر بە کەمی پابەندی رێنماییەکانن.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، لە دوو رۆژی رابردوو لە ناوچەی رەسافەی بەغدا خەڵک زۆر بە کەمی پابەندی رێنماییەکان دەبێت، بەڵام لە بەشی کەرخ پابەندییەکانی باشتر بووە، بەڵام ئەمڕۆ پابەندییەکە کەمتر بووەتەوە و خەڵک دەستی بە هاتووچۆکردن کردووەتەوە و بەشێک لە دووکانەکانیش کراونەتەوە، تاوەکو ئێستاش بەشێک لە خەڵکی عێراق لەو بڕوایەدان ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لە درۆیەک هیچی دیکە نییە و شتێکی دروستکراوە و هیچ بنەمایەکی نییە. بەشێکی دیکەش بڕوایان هەیەو داوا دەکەن خەڵک پابەندی رێنماییەکان بێت.
لە دیالە تووشبوویێکی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
تەندروستیی پارێزگای دیالە گیان لەدەستدانی تووشبوویێكی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، بەمەش كۆی ئەوانە بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگاكە گەیشتە شەش كەس.
فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دیالە رایگەیاند، تووشبوویێك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەستدا، كە تەمەنی 47 ساڵ بوو، نەخۆشی هەوكردنی جگەری هەبوو، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا تووشی وەستانی گورچیلە و هەناسەتەنگی بوو.
بەپێی راگەیەندراوەكە پزیشک و کارمەندانی پزیشکی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا، هەموو هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ لە پێناو سەلامەتی تووشبووان بە كۆرۆنا، داواش لە دانیشتووانی پارێزگاكە دەكەن پابەندی بڕیارەكانی شانەی قەیرانەكان بن.
بەپێی ئاماری فەرمی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تائێستا 45 كەس لە پارێزگای دیالە تووشی كۆرۆنا بوون، لەم ژمارەیەش 21 تووشبوو چاكبوونەتەوە، شەش تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق: پارە نادرێتە تووشبووانی کۆرۆنا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕە پارەیەک بۆ تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تەرخان ناکرێت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، شەوی رابردوو، رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە هەر تووشبووییەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە فەرمانگە تەندروستییەکان تۆماردەکرێ لە بەرامبەردا بڕێک پارەی بۆ تەرخان دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، "لە کاتێکدا کارمەندانی تەندروستی لە بەغدا و هەموو پارێزگاکان دووچاری مەترسی پەتای کۆرۆنا دەبنەوە، دڵنیایی دەدەین هەواڵی تەرخانکردنی پارە بۆ تووشبووان بە کۆرۆنا راست نییە."
رووداو
