ئەعرەجی: محەمەد عەللاوی 10 وەزیری بۆ کابینەکەی دیاری کردووە

 ئەعرەجی: محەمەد عەللاوی 10 وەزیری بۆ کابینەکەی دیاری کردووە


سەرکردەیەکی عێراقی باس لەوە دەکات، کە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو 10 وەزیری بۆ کابینەکەی، دیاری کردووە.

بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی محەمەد عەللاوی دیاری کردوون، ”دوورن لە سیاسەتەوە“.

بەها ئەعرەجی هەروەها رایگەیاندووە، کە محەمەد عەللاوی 10 وەزیری کابینەکەی دیاری کردووە و لە هەوڵ دایە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی کابینەکەی.

ئەو سەرکردە عێراقییە گومانی خۆی لە دیاریکردنی تەواوی ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان نیشان داوە، بەهۆی ئەوەی ”زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بە شێوازی دیاریکردنی وەزیرەکان، ناڕازین“.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.










باسنيوز
Top