میلیشیایەکی شیعە: شەڕی نەیارانی یەکپارچەیی عێراق دەکەین
جەواد تەڵیباوی، گوتەبێژی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەق، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە سەرەڕای ناڕەزایی سیاسەتمەدارانی نەینەوا، بەشداریی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ دەکەن.
جەواد تەڵیباوی هەڕەشەی ئەوەش دەکات، کە دوای شەڕی مووسڵ، شەڕی نەیارانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئەوانەی دەیانەوێ عێراق دابەش بکەن، دەکەن.
گوتەبێژی عەسایبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوەش داوە، کە شەڕکردنیان لە دژی هێزی تورکیا و ئەوانەی دەیانەوێ عێراق دابەش بکەن، ئەرکێکی نیشتیمانیی عێراقیی ئەوانە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
