وەزارەتی بەرگریی عێراق كوژرانی 100 چەكداری داعش رادەگەیێنێت

 وەزارەتی بەرگریی عێراق كوژرانی 100 چەكداری داعش رادەگەیێنێت
وەزارەتی بەرگریی عێراق كوژرانی 100 چەكداری رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) و تێكشكاندنی ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی دۆشكەهەڵگر و پوچەڵكردنەوەی چەندين بۆمبی چێندراو و خانووی بۆمبڕێژكراوی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "لە ناوچەكانی دەوروبەری شارەدێی گەرمە، هێزێكی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار، بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، رووبەڕووی چەكدارانی داعش بوونەوەو لە ئاكامدا 77 چەكداری داعش كوژران". بەیاننامەکە ئاماژەی بە زیانەکانی دیکەی داعش کردووەو تێیدا هاتووە " 16 ئۆتۆمبێلی دۆشكەهەڵگریش تێکشکێنراون و 114 بۆمبی چێندراو و 45 خانووی بۆمبڕێژكراو پوچەڵکراونەتەوە".

وەزارەتی بەرگریی راشیگەیاندووە: "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەكانی روومادی، بەغدادی، گەڕمە، موسڵ و بێجی 15 هێرشیان كردووەتە سەر خاڵە سەربازییەكانی چەكدارانی داعش و لە ئاكامدا 23 چەكداری دیکەی داعش كوژراون، سەرەڕای وێرانكردن و تێكدانی باڵەخانەی فەرماندەیی تایبەت بە سەرپەرشتیكردنی پێكدادانەكان و تێكشكاندنی 6 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و 5 رەشاش و وێرانكرنی چەند بارەگایەك".

بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە 60 وڵاتی جیهانی و عەرەبی و ئیسلامی لە خۆدەگرێت و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، چەند مانگێكە بنكە و بارەگاكانی ئەم رێكخراوەیان كردووەتە ئامانج.











رووداو
Top