کورد داوا دەکات یاسای ھەڵبژاردن بە شێوەیەک ھەموار بکرێتەوە عێراق یەک بازنە بێ

کورد داوا دەکات یاسای ھەڵبژاردن بە شێوەیەک ھەموار بکرێتەوە عێراق یەک بازنە بێ
23ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- عارف تەیفوور دووەم جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراقدا یەکێک لەو پرسانەی تاوتوێ دەکرێ، پرسی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی گشتییە لە عێراق، تا ئێستاش کورد داوا دەکات سەرجەم عێراق یەک بازنە بێ و ھەڵبژاردنیش بە لیستی داخرا بێت.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی: ھاوپەیمانی کوردستانی داوا دەکات یاسای ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بە شێوەیەک ھەموار بکرێتەوە کەسەرجەم عێراق بە یەک بازنە بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە بە وەک عەرەبی شیعەو سوننە دەیانەوێ بە شێوەیەک ھەموار بکرێتەوە کە ھەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەک تایبەت بە خۆی بێت.

بە گوتەی تەیفوور ئەگەر ھەر پارێزگایەک بازنەیەک بێ ئەوە عەرەبی سوننەو شیعە دەنگەکانیان مسۆگەر دەبێ، لێرەدا کورد زیانی بەردەکەوێ چونکە تەنیا لە ٥ پارێزگا وەک پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و موسڵ و کەرکووک دەتوانێ دەنگەکانی مسۆگەر بکات، بۆیە دەنگەکانی دیکەمان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی تر دەفەوتێ.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، ھاوپەیمانی کوردستانی داوا دەکات شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی لیستی داخراو بێ، بەڵام لایەنەکانی دیکە بە تایبەتیش مەرجەعی شیعە داوایان کردووە شێوازەکە بە لیستی کراوە بێ، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کۆمەڵێک خەڵک بگەنە پەرلەمانی عێراق کە توانایەکی ئەوتۆیان نەبێ.
Top