ناوەندی لالەش داوای زیادکردنی بەشە کۆتای ئیزیدیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات
لە بەیاننامەیەکدا ئەمرۆ ناوەندی لالەش داوای زیادکردنی بەشی ئیزیدییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی سیستمی کۆتا لە یەک کورسیەوە بۆ پێنج کورسی کردووە ،روونیشیکردۆتەوە \"وێڕای ئەوەی سیستمی کۆتا بەشداری دەکات لە بەردەوام بوونی دەنگی ئەو پێکهاتانە، لە هەمانکاتدا متمانەی بە هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە دەبەخشێت و بۆیان دووپات دەکاتەوە کە هاوبەشی راستەقینەن لە وڵات وهەمان ماف و ئەرکیان هەیە \"".
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا لالەش دەستخۆشی لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە لەسەر پشتگیری کردنیان لەو داوایە ئیزیدیەکان.
وئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە بەشە کۆتای ئیزیدییەکان لە پەرلەمانی عێراق ناگونجێت لەگەڵ قورسی ژمارەی دانیشتوانی ئەو پێکهاتەیە لە هەموو عێراقدا .
لە ئێستادا ئیزیدیەکان خاوەنی 6 کورسین لە فراکسیۆنی هاوپەیمان کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شانبەشانی یەک کورسی کۆتا، بە پێی ئامارە نافەرمیەکانیش ژمارەی ئیزیدییەکان لەعێراق نزیکە 600 هەزار کەس دەبێت کە زۆربەیان لە شاری موسڵ و دهۆک نیشتەجێن."
