عارف تەیفوور: داواکاری چەند کوتلە و پەرلەمانتارێک بۆ نەھێشتنی مووچەی خانەنشینی پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردنە
دووەم جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، ماوەیەکە ژمارەیەک لە کوتلە سیاسیی و ھەروەھا پەرلەمانتارانی لیستە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراق پرسی نەھێشتنی مووچەی خانەنشینی دەخەنەروو، بەوەی ئەوان لەگەڵ ئەوەدان مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بە خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتی عێراقی بدرێ، بەڵام ورووژاندنی ئەو پرسە تەنیا پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردنە چونکە کەمتر لە ساڵێک ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ھەروەھا وتی، لە نێو ئەو کوتلانەدا کوتلەی مواتن و گۆڕان ھەیە، بۆیە ئەگەر ئەو کوتلانە راست دەکەن دەتوانن لە رێگەی دادگاوە داواکارییەک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی خۆی بگرێتەبەر و بە شێوەیەکی رەسمی لە مووچەکانیان خۆش ببن، بەڵام ئەوانە ئامادە نین لەو مووچەی خانەنشینی خۆیان خۆش بن و تەنیا دەیانەوێ لە چوار چیوەی پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردن سوودی لێوەربگرن.
