مالكی ژمارەیەك ئەفسەر بەند دەكات و روبەڕووی دادگایان دەكاتەوە
لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست PUKmedia كەوتووە، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمڕۆ نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە بەندكراوە هەڵهاتووەكانی گرتووخانەی ئەبوغرێب كۆبۆتەوەو گوێبیستی راپۆرتی لیژنەكەو وتەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی تایبەت بە پاراستنی گرتووخانەكە بووە.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئاماژە سەرەتاییەكانی لێكۆڵینەوەكە كەمتەرخەمی و كەموكورتییەكی زۆر لە دەستەی بەڕێوەبردنی گرتووخانەكەی ئاشكراكردووە، بەجۆرێك كە بەندكراوەكان لە توانایاندا بووە بە ئاسانی لەڕێگەی بەكارهێنانی مۆبایل و ژمارەیەك هۆكاری تر پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی گرتووخانەكەدا بكەن، هەروەك ئەوەش ئاشكراكراوە كەمتەرخەمییەكی زۆر هەبووە لە چاودێریكردنی بەندكراوەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گرتووخانەكە، هەرچەندە پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار كراونەتەوە لە ئەگەری رووداوێكی لەو جۆرە.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە: سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانی كردووە بە بەندكردنی ژمارەیەك لەو ئەفسەرانەی كە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دووپاتیانكردۆتەوە كەمتەرخەم بوون لە بەجێهێنانی ئەركەكانیان و دۆسیەكانیشیان رەوانەی دادگا كراوە، لەنێوان ئەفسەرە بەندكراوەكاندا، سەرۆكی ئەركانی فیرقەی چواری پۆلیسی فیدڕاڵی و فەرماندەی فەوجی پۆلیسی فیدڕاڵی و یاریدەدەرەكەی كە راسپێردراوبوون بە پاراستنی گرتووخانەكە، ژمارەیەك لە پۆلیسی دەزگا هەواڵگرییەكانی ناو گرتووخانەكە و ژمارەیەك پۆلیسی فیدڕاڵی راسپێردراو بە پاراستنی گرتووخانەكە، دەبینرێن.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە مالكی فەرمانیداوە بە دەركردنی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەكان و روبەڕووكرنەوەی بە دادگا.
شەوی 21-7 گرتووخانەی ئەبوغرێب لە قەزای ئەبوغرێب و گرتووخانەی حوت لە قەزای تاجی، روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەك لە بەندكراوان كە ژمارەیان لەنێوان 500-1000 بەندكراو دەبوو و زۆربەیان ئەمیر و سەركردەكانی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوون، هەڵهاتن.
PUKmedia
