ئەشواق جاف:تەنیا تیرۆر بەرپرسیارە لەتیرۆری توركمانەكان

ئەشواق جاف:تەنیا تیرۆر بەرپرسیارە لەتیرۆری توركمانەكان
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی ئەشواق جاف جەختی كردەوە كە بەرپرسی كردە تیرۆریستیەكان دژ بەگەلی عێراق بەتایبەت دژ بە توركمانەکان، تەنیا تیرۆر خۆیەتی كەهیچ جیاوازییەك لەنێوان هیچ پێكهاتەیەكیدا ناكات.

ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بەئاژانسی پەیامنێری ڕاگەیاند: لێرەو لەوێ‌ لەلایەن چەند كەسێكەوە كەناتوانن ببنە نوێنەری توركمانەكان، لایەنی كوردی تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستی لەتەقینەوەكانی ناوچە توركمان نشینەكاندا هەیە.

ئەشواق جاف، گوتی: ناكرێ‌ هیچ لایەنێك لەو كردە تیرۆریستیانەی كە توركمانەكان دەكاتە ئامانج، تۆمەتبار و تاوانبار بكرێت.‌ ئەگەر هەر لایەنێك تاوانبار بكرێت، پێویستە بەرپرسیارێتی یاسایش لەئەستۆ بگرێ‌. چونكە بەبێ‌ بەڵگە و دۆكۆمێنت ناگونجێ‌ لایەنێك تاوانبار بكەی‌.

ئەشواق جاف جەختی کردەوە كە كورد باوەڕیان بەزمانی گفتوگۆ و یاسا و ماددەكانی دەستووری عێراق هەیە.
Top