كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: دەنگدانی تایبەت لە نەینەوا بە هێمنی بەڕێوە دەچێت

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: دەنگدانی تایبەت لە نەینەوا بە هێمنی بەڕێوە دەچێت
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لە 7ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە 46 ناوەندی هەڵبژاردەن كە 135 وێستگەی دەنگدان دەگرێتە خۆی، بە ڕووی هێزە ئەمنییەكانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنباردا كراونەتەوە.

سەرچاوەكانی كۆمسیۆنی باڵا دەڵێن، پرۆسەی دەنگدان بە شێوەی كۆمەڵ كۆمەڵە و یەكێكیان كە دێت ئەوی دی دەڕوات، ئەمەیش بۆ نەهێشتنەوەی بۆشایی ئەمنیییە.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە نەینەوا ڕایگەیاند، ئەوانەی دەتوانن دەنگ بدەن ژمارەیان 51 هەزار كەسە و 46 ناوەندی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادە كراوە، هەروەها 5 ناوەندیان بۆ ڕوماڵی مێدیاكان تایبەت كراون.

بە هۆی باری ئەمنیی تایبەتەوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنباردا، لە 20ـ نیسانی ڕابردوو بۆ 20ـی حوزەیران كە ئەم مانگەیە دواخرا؛ هەندێ لە چاودێرانیش لەسەر ئەو باوەڕەن كە بار ی ئەمنیی نەینەوا، لە ئێستادا زۆر لە دۆخی ئەمنییەكەی لە ئازار و نیسان خراپترە.

بە نزیككەوتنەوە لە هەڵبژاردنەكە، لە بەهێزترینی لیستەكان لە نەینەوا دەركەوتن ئەوانیش: (قائمە متحدون) بە سەرۆكایەتیی ئوسامە نوجێفیی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و (نەینەوا شقیقە) كە ئەسیل نوجێفیی پارێزگاری نەینەوا سەرۆكیەتی هەروەها (التعایش والتأخی) كە نوێنەرایەتیی پارتییە كوردییەكان لە پارێزگاكەدا دەكات، لیستی (الوفا‌و لنینوی) و لیستی (قائمە نینوی الموحدە).

680 كاندید كە سەربە 28 لایەنی سیاسیەن، ململانێیان لەسەر 39 كورسییە. بەپێی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، ژمارەی دەنگدەرانی نەینەوا دەگاتە ملیۆنێك و 800هەزار و بەسەر 716 ناوەندی هەڵبژاردندا دابەش بوون كە 27هەزار فەرمانبەر تێیاندا كار دەكات.
Top