مالیکی: دانوستان لەگەڵ مانگرتوواندا نییە و پێکهێنانی هەرێمیش بە هێز نایەتە دی

مالیکی: دانوستان لەگەڵ مانگرتوواندا نییە و پێکهێنانی هەرێمیش بە هێز نایەتە دی
8 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووری مالیکی، جەختی کردەوە لە پێویستیی گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئێستا، بەرلەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوو ساز بدرێت. لەبارەی دامەزراندنی هەرێمیشەوە گوتی، ئەمە بابەتێکی دەستوورییە و لە چوارچێوەی یاسادا دەبێت، بەڵام نەک بە هێز.
نووری مالیکی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بابەتی سیستمی هەڵبژاردنەکانی لە عێراقدا خستووەتە بەر باس و جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت بەرلە سازدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، سیستمی(سانت لیگۆ) کە هێشتا کاری پێ دەکرێت، دەبێتە هۆی بە ئەستەم پێکهێنانی کوتلەیەکی گەورە و زۆرینەی سیاسی، لەگەڵ ئەوەیشدا لایەنی نەرێنی هەیە لە بڕیارداندا.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری دا کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 2013ـدا ئەو سیستمە پێڕۆ بکرێت و بە سەرکەوتووییش کۆتایی هات، بەڵام هەندێک لیست، بە تایبەت هاوپەیەمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەوڵی گۆڕینی دایە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەربارەی مانگرتووانی پارێزگا سوننەنشینەکانیش گوتی، هیچ لیژنەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ مانگتووان پێک نەهاتووە؛ ئەو دەڵێت، ئەوەی لە مێدیاکاندا باس دەکرێت بابەتی ڕاگەیاندنن و بە کردەنی دانوستان نییە. هاوکات دەستپێشخەرییەکەی زانای ئیسلامی، شێخ عەبدولمەلیک ئەلسەعدییشی بە بێبایەخ ناو برد و گوتی کە لەگەڵ مانگرتووان کە پۆلیس و سەرباز دەکوژن و تیرۆر بڵاو دەکەنەوە دانوستان نییە.
Top