8 حوزهیران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- لیستی عێراقیە پەرۆشی خۆی بۆ گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی لەبارەی ناکۆکییە سیاسی و ئەمنیەکان دوپاتدەکاتەوە کە بەرۆکی وڵاتی گرتۆتەوە. لەوبارەیەوە زافر عانی ئەندامی ئەلعێراقیە رایگەیاندووە کە لیستەکەی داواکاری ھەر شەش پارێزگا سونەنشینەکەی لەبەرچاو گرتووە کە خۆپیشاندان تێیاندا بەردەوامە تا لە کۆبوونەوەکانی دەستپێشخەرییەکەی عەمار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دا تاوتوێیان بکات. راشیگەیاندووە کە لیستی عێراقیە بەشێوەیەکی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی حەکیم دەکات و بەرژەوەندی گەلەکەی دەخاتە پێشینەی داواکارییەکانییەوە، بەتایبەت داواکاری شەش پارێزگاکەی خۆپیشاندانی تێدا بەرێوەدەچێت.
زافر عانی راشیگەیاند: کۆبوونەوەکەی پێشووتر تەنیا کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆلی بوەو ھەنگاوی یەکەمین بووە بەرەو ھێورکردنەوەی ئەو گرژییەی لەنێوانی لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەت لەنێوانی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکاری و یاسادانان دا ھەبووە، راشیگەیاند: سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکە پشت دەبەستێ بەبونی متمانەی نێوان لایەنە سیاسیەکان و جدیبونیان لە بەستنی کۆبوونەوەی نوێ لەماوەی چەند رۆژی داھاتوودا.