عەممار ئەلحەكیم: بۆ چارەسەری كێشەكان دەستوورمان هەیە

عەممار ئەلحەكیم: بۆ چارەسەری كێشەكان دەستوورمان هەیە
15ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق دەڵێ: لەعیراقدا دەستوورێكی دەنگ بۆدراو هەیە، بۆیە پێویستە لەكاتی هەر كێشەیەك بۆ دەستوور بگەڕێینەوە.

لە دڕێژەی سەردانەكەیدا کە بۆ هەرێمی كوردستانی ئەنجامیداوە، عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق، سەردانی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانی كرد و لەوێدا وێڕای ئامادەبوونی د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی هاوڕێی، لەگەڵ مەلا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی كۆبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیشدا باسی ئەوەكرا كە لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە پێویستە بە دیالۆگ و بە گەڕانەوە بۆ ماددە دەستوورییەكان کێشەکان چارەسەر بکەین.

لە دەقی قسەكانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەلحەكیم باسی لە سەروەرییەكانی عیراق كرد و گوتی: لە عیراق هەر كێشەیەك هەبێت پێویستە بە گەڕانەوە بە دەستوور چارەسەری بۆ بكرێت، لەبارەی كێشەی سەرۆك كۆماریش ئەلحەكیم، گوتی: جەنابی مام جەلال تاڵەبانی كەسێكی شیاوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، جارێش زووە هیچ قسەیەكی لەسەر بكرێت، بەڵام هەر كاتێك باسی جێگرەوەی سەرۆك كۆماری عیراق هاتە پێشەوە ئەوا لە بەند و ماددە دەستوورییەكان باس لە چۆنییەتی چارەسەری ئەو كێشەیە كراوە.
Top