لەسەر رووداوەكانی حەویجە 10 كەناڵی ئاسمانی رادەگیرێن
لە بەیاننامەیەكدا دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق ئاشكرایكرد: مامەڵەكردنی ناپرۆِفیشناڵانە لە رووماڵكردنی رووداوەكانی حەویجە لەلایەن هەندێك كەناڵی ئاسمانییەوە، بەشێوەیەك كە زیادەڕۆیی و چەواشەكاریكردنیان پێوەدیاربوو، هۆكارێك بوو راگرتنی كاری ژمارەیەك كەناڵی ئاسمانی، ئەوانیش (بغداد، الشرقیة، الشرقیة نیوز، البابلیة، صلاح الدین، الأنوار 2، التغییر، الفلوجة، الجزیرة، الغربیة).
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، شێوازی رووماڵكردنی ئەو كەناڵانە بەڵگەی روون و ئاشكرایان لەخۆگرتبوو، كە كاردەكەن بۆ تێكدانی سیستمی مەدەنی و پرۆسەی دیموكراتی و بانگەشەكردنی ئاشكرا بۆ ئەنجامدانی كاری توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوەو هێرشكردنەسەر دەزگا ئەمنییەكان.
بەیننامەكە جەختیشیكردۆتەوە بەهۆی پابەندنەبوونی دەزگاكانی پەخشكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دیسپلینی پیشەیی، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان ناچاربوو مۆڵەتی كاركردن لەو كەناڵانە بسەنێتەوە و رێگەیان پێنەدات كار لەسەر خاكی عیراق ئەنجامبدەن.
