فڕۆكەیەكی دي ئێرانی لە عیراق پشكنینی بۆ دەكرێت
كەریم نوری راوێژكاری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: سەعات 10:15 خولەكی ئەمڕۆ 9-4 فڕكەیەكی ئێرانی كە بەنیازبوو بەرەو سوریا بە ئاسمانی عیراقدا تێپەڕ ببێت، ناچاركرا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بنیشێتەوە.
وتیشی: فڕۆكەكە 49 سەرنشین و كۆمەڵێك كەلوپەلی پزیشكی قەدەغەكراوی تێدایە، دوای ئەنجامدانی پشكنینی ورد، رێگەی پێدەدرێت بەرەو شوێنی مەبەستی خۆی بڕوات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە لەمەودوا دەسەڵاتدارانی عیراق بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ئەو فڕۆكە ئێرانییانە ناچار دەكەن كە ئاڕاستەكەیان بەرەو سوریایە، بەمەبەستی پشكنین لە بەغدا بنیشنەوەو دوای دڵنیابوون لەوەی كە هیچ جۆرە چەكێك و كەلوپەلی سەربازییان تێدا نیە، رێگەیان پێدەدرێت گەشتەكەیان تەواو بكەن.
كەریم نوری ئاشكراشیكرد كە ئەم رێوشوێنە ئەمنییەی گرتوویانەتەبەر لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی حكومەتی عیراقە، كە رێگە نەدرێت لەڕێگەی ئاسمان و خاكی عیراقەوە چەك و كەلوپەلی سەربازی رەوانەی سوریا بكرێت.
لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا ئەمە دووەمین فڕۆكەی ئێرانییە لەلایەن عیراقەوە پشكنینی بۆ دەكرێت، دوێنێش فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئێرانی كە بەرەو دیمەشق دەڕۆیشت، ناچاركرا بەمەبەستی پشكنین لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بنیشێتەوە، دوای ئەوەی دەركەوت تەنها كەلوپەلی پزیشكی پێیە، رێگەی پێدرا بەرەو شوێنی مەبەست بڕوات.
