عێراق هەڵمەتی پشكنینی فڕۆكەكانی ئێرانی ڕووەو دیمەشق دەست پێ كردەوە
ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، كەریم نووری، ئەمڕۆ شەممە، بۆ (ئەنبای مۆسكۆ)ـی ڕوون كردووەتەوە كە فڕۆكەوانیی مەدەنی هەڵمەتێكی ڕەمەكیانەی پشكنینی بۆ چەند فڕۆكەیەكی ئێرانی ئەنجام داوە كە ویستویانە بە ئاسمانی عێراقدا بچنە سووریا.
زیاتر گوتی، تائێستا دوو یان سێ جار و لە لایەن پسپۆڕان و لایەنی ئەمنییەوە، فڕۆكەكانی ئێران پشكێنراون، ئاماژەی دا \"ئێمە بە بڕیارە نێوەدەوڵەتییەكانەوە پابەندین كە ڕێ نادات چەك بگاتە دەستی ڕژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنەكەی، بە تەواوییش ئاسمانی عێراقمان پارستووە.\""
ئەو دەڵێت، پێشتر لە ڕۆژێكدا دوو یان سێ فڕۆكەی ئێرانی بە ئاسمانی عێراقدا دەچوون بۆ سووریا، بەڵام بەم دوواییە و بە هۆی باری ئەمنیی فڕۆكەخانەی دیمەشقەوە، فڕینیان كەم بووەتەوە.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا داوای لە عێراق كرد، بە هۆی ڕێپێدان بە فڕۆكە ئێرانییەكان كە بە ئاسمانی وڵاتەكەیدا دەچنە سووریا و چەك و هاوكاری بە ڕژێمەكەی ئەسەد دەگەیەنن، چیدی پشتیوانیی ئەسەد نەكات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، جۆن كیری گوتی، پێویستە عێراق چیدی ڕێ بەو فڕۆكە ئێرانیانە نەدات كە ئاسمانی عێراق بۆ گەییشتن بە سووریا بەكار دەهێنن و ئەو گەشتانە قبووڵكراو نین."
