حیزبوللای عێراقیی سەر بە نوری مالیکییە

حیزبوللای عێراقیی سەر بە نوری مالیکییە
26 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- ئەندامێکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: حیزبوللای عێراقی کە واسق بەتات سەرۆکایەتی دەکات سەر بەنوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڕەشەکانی واسق بەتات ھیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر کورد نییە، بەڵام مەترسییەکی گەورەییە بۆ سەر عێراق بەتایبەت سونەکان.

د.حەمید باڤی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.info رایگەیاند: ھەڕەشەکانی ئەمینداری گشتی حیزبوللای عێراقی واسق بەتات ھیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر کورد نییە، بەڵام مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سونەکان و ئەگەری ئەوە ھەیە شەڕی تائیفی دروست بێت، بۆیە پێویستە کورد لە نێوەخۆیدا یەک ھەڵوێست بن و نەبنە لایەنێک لەم کێشەیەدا.

د.حەمید باڤی گوتیشی: حیزبوللای عێراقی سەر بە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقە و بەئاشکرا پشتگیریان لێدەکات، چونکە ماوەیەک پێش ئێستا مالیکی ھەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد، گوتی ئەگەر کۆتایی بە خۆپیشاندان نەھێنن بەھێز بڵاوەیان پێدەکات، کەمەبەستی لەھێز حیزبوللای عێراقی بوو.

باڤی ڕاشیگەیاند: سونەکان ئێستا سەرقاڵی ئەوەن ھەرێم پێکبێنن، بۆیە نوری مالکی لەماوەی دوو رۆژی رابردوو کە سەردانی پارێزگای بەسرای کرد بۆئەوە بوو شیعەکان ئاگاداربکاتەوە و خۆیان ئامادەبکەن گەر سونەکان ھەرێمی پێکبێنن رێگریان لێبکەن، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکانیش نزیک بۆتەوە ڕێگانەدەن سونەکان سەرکەوتن بەدەستبێنن.

ناوبراو رونیشیکردەوە، سونە و شیعە خۆیان لە کورد نزیک دەکەنەوە بۆ ئەوەی بۆ لای خۆیان رایانبکێشن، بەڵام پێویستە کورد وریا بێت و نەبێتە لایەنگری ھیچ لایەک.

ئەمینداری گشتی حیزبوللای عێراقی واسق بەتات ھەڕەشەی لە کورد و سونەکان کردبوو، گەر کوردەکان باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکەن، لەکوردستانیش دەریان دەکەن.
Top