ژمارەیەك زیندانیی رێكخراوی قاعیدە لە بەغدا هەڵاتن
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆڕك تایمزی ئەمریكی، كۆمەڵێك زیندانی لە بەندیخانەی تاجی لەنزیك شاری بەغدا پایتەختی عێراق لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە چەكەوە هەڵاتن و هەتا ئێستاش هیچ كام لەو زیندانیانە دەستگیر نەكراونەتەوە.
بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەو زیندانە، زیندانیەكان لە پەنچەرەی یەكێك لە ژووری زیندانەكانەوە هەڵهاتوون و چەكی پاسەوانەكانیان بردووە، بەڵام زانیاری تەواو نییە لەسەر ئەوەی چەند زیندانی هەڵهاتوون، بەڵام ئەوە ئاشكرا بووە كە هەندێك لەو هەڵهاتووانە كۆنە ئەندامی رێكخراوی قاعیدە بوون و لەسەر كاری تیرۆرستی زیندانی كراون و هەندێكیشیان چاوەڕێی جێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەدان بوون.
هەروەها ئاشكراش بووە كە ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی ئەو زیندانە ئێستا دەستگیر كراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بزانن كە ئایا ئەوان یارمەتی ئەو زیندانییانەیان داوە یان نا؟.
