مه‌حمود عوسمان: پێویسته كورد له‌كێشه‌كانی عێراقدا بێلایه‌ن بێت
مه‌حمود عوسمان له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌نیوز رایگه‌یاند، پێویسته كورد له‌م كاته‌دا كێشه هه‌ڵپه‌سێرراوه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا چاره‌سه‌ر بكات‌و خه‌ڵكانی دیكه‌ش هه‌ر داواكارییه‌كی ده‌ستورییان هه‌بێت پشتگیری‌یان بكه‌ن.
مه‌حمود عوسمان بۆچونیوایه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و كوتله سیاسییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی‌دا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه بتوانن به‌پێی ده‌ستور كاربكه‌ن‌و رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن ئاینده‌ی عێراق باش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستا بن بێگومان باش نابێت، جگه له‌وه‌ش ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه مالكی ده‌یه‌وێ په‌یڕه‌وی بكات به‌به‌هێزكردنی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی‌و راوێژ به‌خه‌ڵكانی دیكه ناكات ئه‌وا كێشه‌ی گه‌وره‌تر دروست ده‌كات، چونكه ده‌بێت ئه‌م حكومه‌ته ته‌وافوقی بێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ریش كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره سه‌ربه‌خۆیه‌ی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتیشی، به‌شداریكردنی كورد له‌كۆبونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و هاتنه ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌كۆبونه‌وه‌كه هه‌ڵوێستی شیعه‌ی به‌رامبه‌ر كورد توندتر نه‌كردوه، به‌ڵكو له‌ئێستادا ململانێی شیعه له‌گه‌ڵ سوننه‌دا توندتره به‌پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ كورددا هێمنترن، چونكه نایانه‌وێ له‌یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ دو لایه‌ن كێشه‌یان هه‌بێت.
به‌هۆی ده‌ستگیركردنی پاسه‌وانه‌كانی وه‌زیری دارایی عێراق، رافیع عیساوی -سوننه- له‌مانگی رابردوه‌وه شه‌پۆلێكی به‌رفراوانی خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی ناوچه سوننی نشینه‌كانی ئه‌نبارو دیاله‌و فه‌لوجه‌و سامه‌راو كه‌ركوك‌و نه‌ینه‌وای گرتۆته‌وه له‌دژی سیاسه‌ته‌كانی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیران.
