وەزیرانی كورد و لیستی عێراقییە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بایكۆت كرد
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەندامێـتیی وەزارەتی داد و بەرگری و مافی مرۆڤ، ئەمەیش بە مەبەستی جێبەجێكردنی داخوازی و داواكاریی خۆپێشاندەران بە مەرجێك داواكارییەكان دژی دەستوور نەبن.
هاوكات هەر لە كۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، وەزیرانی كورد و عێراقییە بایكۆتی دانیشتەكەیان كرد. لای خۆیانەوە وەزیرە كوردەكان ڕایانگەیاند كە بە هۆی ئەوەی تا ئێستا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران نووری مالیكی داواكارییەكانی كوردی سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جێبەجێ نەكردووە، وەزیرانی كورد بایكۆتی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كردووە.
لای خۆیشیانەوە وەك دەربڕینی ناڕەزایی لە هەمبەر هەڵكوتانەسەر نووسینگەی ڕافع عیساوی و دەستگیركردنی پاسەوانەكانی و هەروەها جێبەجێنەكردنی داواكاریی هاووڵاتیانی ڕاپەڕیو لە پارێزگا سوننەنشینەكان، وەزیرەكانی سەر بە لیستی عێراقییە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران كشانەوە.
هەر لەو بارەیەشەوە جابر جابری ئەندامی لیستی عێراقییە هۆكاری كشانەوەی وەزیرانی لیستەكەی ڕوون كردەوە و ڕایگەیاند كە حكوومەت بە دەم جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەرانەوە نەهاتووە كە ماوەی نزیكەی سێ هەفتەیە لە چەند پارێزگایەكی عێراقدا بەردەوامیی هەیە.
