عارف ته‌یفور ره‌خنه له دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی نوێ ده‌گرێت له‌باره‌ی گرێبه‌ستی چه‌كی روسیا
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، عارف ته‌یفور، ئه‌مڕۆ، پێنج شه‌ممه، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ره‌خنه‌ی له‌بریارێكی حكومه‌تی ناوه‌ندی گرت به‌پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی نوێ بۆ چوونه روسیا‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی گرێبه‌ستێكی گوماناوی چه‌ك، دوپاتیشی كرده‌وه، پێویسته ره‌چاوی پێویستییه‌كانی هاولاَتیان بكرێت‌و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ كێشه‌ی بێكاری‌و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری بكرێت له‌جیاتی خه‌رجكردنی بره پاره‌یه‌كی زۆر بۆ كڕینی چه‌ك‌و به‌هه‌ده‌ردانی بودجه‌ی گشتی‌و یاریكردنی به‌تواناو داهاتی گه‌ل.
ته‌یفور، داواشی له حكومه‌تی ناوه‌ندی كرد ناوی ئه‌ندامانی لیژنه نوێیه‌كه كه تایبه‌ته به‌ته‌واوكردنی گرێبه‌ستی چه‌ك‌و ته‌وای ناوه‌رۆكی گرێبه‌سته‌كه بنێرێته په‌رله‌مان بۆ دیراسه‌كردنی بابه‌ته‌كه‌و به‌دواداچوونی له‌لایه‌ن لیژنه تایبه‌ته‌كانه‌وه تا په‌رله‌مان بریاری گونجاو بدات وه‌ك ده‌سه‌لاَتی یاسادانان‌و چاو‌دێر.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، سه‌رسامی خۆیشی نیشاندا له‌باره‌ی سوربوونی حكومه‌ت له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ئه‌و گرێبه‌سته سه‌ره‌رای بوونی ناڕه‌زایه‌تی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له هێزه سیاسیه كاریگه‌ره‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی، جگه له ئاماژه‌دان به‌ئاستی چه‌كه روسیه به‌رهه‌مهاتووه‌كان كه له‌به‌رامبه‌ریدا چه‌ندین ده‌وڵه‌ت هه‌ن له‌بواری پیشه‌سازی چه‌ك‌و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیدا پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌دی هێناوه.
