لە سبەیەوە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناوی کاندیدکراوان تۆمار دەكات

لە سبەیەوە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناوی کاندیدکراوان تۆمار دەكات
5ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە سبەیەوە دەست بە تۆماركردنی ناوی ئەو كەسانە دەكەن كە بۆ لیستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان خۆیان ده‌پاڵێون.
لێپرسراوی دەستەی جەمارەیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، عەبدولرەحمان خەلیفە، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: \"دوای ئەوەی ئەمڕۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان كۆتایی هات، دەست بە تۆماركردنی ئەو كەسانە دەكەین كە لەناو لیستەكان دان و بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، خۆیان کاندیدا کردووه‌.\""

عەبدولرەحمان خەلیفە، گوتیشی: \""چەند پێوەرێك بۆ قبووڵكردنی ئەو كەسانە دانراوە كە نابێت بەعیسی بووبێت، نابێت لەسەر تاوان حوكمدرابێت، دەبێت بڕوانامەی هەبێت و ساغ بێت واتە ساختە نەبێـت.\""

خەلیفە دەڵێت: \""هەموو ئەو لێكۆڵینەوانە لەلایەن كۆمسیۆن و لایەنی پەیوەندارەوە دەكرێن و دوای دەرچوونی ئەنجامەكان بە ئیجابی كەسەكە قبووڵ دەكرێت و تۆمار دەكرێت بە پێچەوانەوە تۆمار ناكرێت، هاوکات داوا لە لیستەكە دەكرێت كە كەسێكی تر بخاتە جێگەی.\""

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە نیسانی ساڵی داهاتوو دەست پێبكات كە پارێزگاكانی هەرێم ناگرێتەوە."
Top