مالیكی وەڵامی پەرلەمان ناداتەوە

 مالیكی وەڵامی پەرلەمان ناداتەوە
19ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) چەند جارێكە لە لایەن پەرلەمانەوە بۆ كۆبوونەوەیەكی گشتی سەبارەت بە دروستكردن و چالاكییەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە بانگهێشت دەكرێت، بەڵام تا ئێستایش ئەو داوایە بێوەڵام ماوەتەوە.

لە كاتی دروستبوونی ئەو هێزەدا، لایەنەكانی كورد و لیستی عێراقییە (زۆرینەی سوننە) داوایان كردبوو (نووری مالیكی) بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو كارەی ئامادەی كۆبوونەوەیەكی گشتیی پەرلەمان بێت، بەڵام ئەمە لە لایەن سەرۆكوەزیرانەوە وەڵام نەدرایەوە.

دواتر ڕەوتی سەدر كە 40 كورسیی لە پەرلەمانی بەغدا هەیە، پشتگیری لە داواكەی كورد و عێراقییە كرد و بۆ جارێكی دیكە داواكە دووبارە كرایەوە و دیسان بێوەڵام مایەوە.

بە پێی ماددەكانی 58 و 61 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمانتاران دەتوانن بانگهێشتی سەرۆكوەزیران بكەن بۆ كۆبوونەوەی گشتی.

ئەو زانیاریانە لە لایەن پەرلەمانتاری كورد (ئوسامە جەمیل)ـەوە بە ڕۆژنامەی \"هەولێر\"" درا. ئەو كە لەسەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پەرلەمانتارە، ڕەخنەی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بەغدا گرت بەوەی داوای بانگهێشتی (نووری مالیكی)ـیان بە شێوەیەكی \""زۆر لاواز\"" بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران گەیاندووە.

ئەو دەڵێ: \""چەند جارە سەرۆكوەزیران وەڵامی داواكاریی ئێمە ناداتەوە، بەڵام دیسان لایەنە كوردییەكان لە بەغدا لە دەوری یەكتر كۆ دەبینەوە و هەڵوێست وەردەگرین.\""

بە بڕوای نابراو، دوای ڕووداوەكەی (دووزخورماتوو)، گۆڕانكاریی نوێ لەو مەسەلەیەدا كراوە و بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەڵوێستی نوێ بنوێنن.

هەینیی ڕابردوو، بە هۆی پێكدادانی نێوان هێزێكی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پۆلیستی فیدراڵ لەو شارۆچكەیەدا، هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا و 10 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

كورد كۆبوونەوەی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی بایكۆت كرد
پرسی چالاكییەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە، بابەتی گەرمی ئێستای میدیا و كۆبوونەوەكانی عێراقە.

لە دوایین هەڵوێستیشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ڕایگەیاندووە كە هەرێمەكەی ئامادەباشیی تەواوی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ بەرگریكردن لە خاك و گشت هاووڵاتیان.

(بارزانی) لە بەیاننامەیەكدا داوا لە گەلی كوردستان دەكات ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو و كاركردن بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانانەی بەرانبەر بە كورد و ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێن.

لە دوایین كۆبوونەوەی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە، ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سێ ئەندامە كوردەكەی ئەو لیژنەیە و ئەندامانی سەر بە هاوپەیمانیی نیشتمانی و بە تایبەت دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی (نووری مالیكی).

پەرلەمانتارانی سەر بە هاوپەیمانیی كوردستانی (شوان محەممەد تەها) و (حەسەن جیهاد) و پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان (سەردار عەبدوڵڵا)، دوای نەگەییشتن بە هیچ ئەنجامێك، كۆبوونەوەی لیژنەی ئاساییش و بەرگرییان بایكۆت كردووە.

ئەمەریكا بێدەنگیی شكاند
بە پێی خاڵی 2ـی ماددەی 109ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، تەنیا سنوورەكانی وڵات ئەو شوێنانەن دەبێ سوپای لێ بێت، بەڵام ئێستا (مالیكی) كە هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، هێزی لە ناوخۆی وڵاتدا جووڵاندووە. مەترسیی ئەو كارەی (مالیكی) لەوەدایە كە شوێنی جووڵەپێكردنەكەیش، ئەو ناوچانەن كە بەغدا و هەولێر ناكۆكییان لەسەر هەیە.

ئەمە بەرپرسانی كۆشكی سپی بەدەنگ هێنا. جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆو بایدن) بە (مالیكی) ڕاگەیاندووە كە پێكدادانی نێوان سوپا و هێزی پێشمەرگە، هێڵی سوورە.

ڕۆژنامەی \""سیاسە\""ـی كوێت لەسەر زاری سەرچاوەیەكییەوە كە ئاماژەی بە ناوی نەكردووە، بڵاوی كردووەتەوە كە \""(بایدن) بە (مالیكی)ـی گوتووە ئەگەر شەڕ لە كەركووك یان هەر ناوچەیەكی دیكەدا ڕوو بدات، ئەوا بێدەنگ و دەستەوەستان نابن.\""

سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، پەرلەمانتار (شێخ لەتیف شێخ مستەفا) پڕۆژەیەكی بە ناوی \""ڕووكارە نادەستوورییەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە\"" بەسەر پەرلەمانتارە كوردەكاندا دابەش كردووە. ئەو چاوەڕوانی ئەوەیە كە پەرلەمانتارانی لیستەكانی دیكەیش دەنگیان بخنە پاڵ دەنگی كوردەوە و (مالیكی) بانگهێشتی پەرلەمان بكەن.

لە پڕۆژەكەی (شێخ لەتیف)ـدا پێنشیاز كراوە بەرانبەر بە هێزی دیجلە، لە دادگەی فیدراڵی سكاڵا بكرێت و سەرۆككۆمار (جەلال تاڵەبانی)ـیش داوا لە (مالیكی) بكات ئەو هێزە هەڵبوەشێنێتەوە. پێشتر سەرۆككۆمار ئەو داوایەی كرد، بەڵام ئێستایش لە لایەن (مالیكی)ـیەوە پشتگوێ خراوە."
Top