توێژەرێكی ستراتیژی سەربازی: مالیكی-ش هەر هێندەی سەددام خۆی پێ ڕادەگیرێ بە چەكی رووسی
نزار جەنابی، تۆژەری ستراتیژی سەربازی لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵان رایگەیاند: جیاوازی نێوان كۆنتراكتی بەدەستهێنانی سیستمی چەك لە ڕوسیا و كۆنتراكتی بەدەستهێنانی چەك لە ئەمریكا ئەوەیە، ئەگەر ئەمریكا سیستمی چەكت بداتێ ئەوا هەڵوێستی دەبێت كاتێك ئەو چەكە دژی خەڵكەكەی خۆت بەكاردەهێنێت، بەڵام روسیا- ئەگەر بەرژەوەندی وڵاتەكەیت پاراست- ئەوا بەلایەوە گرنگ نییە ئەگەر تەواوی خەڵكەكەت سەربڕیت و لەناو ببەیت، ئەمە یەكێكە لە جیاوازیە سەرەكیەكانی نێوان ئەو دو عەقیدە- سەربازیە.
جەنابی گوتیشی: سەدام حوسێن لە كاتی شەڕی ئێران -عێراقدا، سوپاكەی بە چەكی رووسی بە ئاستێكی زۆر بەرز پڕچەك كرد، ئەو سوپایەی گەلەكەی خۆی پێ سەركوتكرد، بەڵام لە ساڵی 1991 و لەشەڕی دووەمی كەنداو بینیمان ئەو هەموو چەكە بەرگەی چەند رۆژێكی هاوپەیمانانی نەگرت.
پێشتر لە دیمانەیەكی گوڵاندا، ستۆران ستیڤنسۆن، سەرۆكی شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بۆ عێراق رایگەیان: حكومەتی مالیكی حكومەتێكە فەشەلی هێناوە، بەهاری ئەمساڵ سەردانی بەغدام كرد و بینیم تەنها 4 كاتژمێر كارەبا هەبوو، لەو سەردانەمدا بەڵێنیان پێدام كار بۆ چاككردنی ئەم مەسەلەیە بكەن و هەوڵبدەن لەماوەی چەند مانگێكی كەم بیگەیننە 12 كاتژمێر و دواتر زیاتری بكەن، بەڵام ئەوە زیاتر لە 6-7 مانگە گەڕاومەتەوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی پێم دەگەن، هێشتا لەبەغدا هەر 4 كاتژمێر كارەبا هەیە.
-نزار جەنابی، تۆژەری ستراتیژیە لەسەر عێراق لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیك و پێشتریش لە ساڵانی 2000-2005 بەڕێوەبەری گشتی تەمویلی پێداویستیە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری عێراق بووە.
