سبەى پەرلەمانى عێراق 3 پڕۆژەیاسا پەسند دەكا

سبەى پەرلەمانى عێراق 3 پڕۆژەیاسا پەسند دەكا
26 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵن میدیا) ـ ئەمڕۆ چوارشەم ئەندامێكی پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیی كوردستان راى گەیاند، بڕیارە سبەى پەرلەمانى عێراق لە 25مین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا پرسەكانى نۆیەم ئەندامی كۆمسیۆن و پڕۆژەیاساى ژێرخان و لێبوردنی گشتی یەكلا بكاتەوە.

دووشەمی حەوتووى رابردوو پەرلەمانی عێراق لە 23مین دانیشتنی خۆیدا 8 ئەندامی كۆمسیۆنی تازەی پەسند كرد، تەنیا یەك ئەندام نەبێ بەهۆی ناكۆكی هەردوو لیستی توركمان و كریستیانی پەسند نەكرا.

سەعید رەسوول خۆشناو بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بڕیارە پەرلەمانى عێراق لە دانیشتنەكەى سبەی پێنجشەمدا نۆیەم ئەندامى كۆمسیۆن پەسند بكا، هەرچەندە تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە ئاخۆ بەر كریستیان یان توركمانەكان دەكەوێ.

خۆشناو گوتى، هەروەها سبەى دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى ژێرخان دەدرێ كە تا ئێستە لایەنە سیاسییەكان لەسەر نەگەیشتوونەتە رێككەوتنێك و جێگەی مشتومڕی بارستە سیاسییەكانە، سێیەم كارنامەى 25مین دانیشتنی پەرلەمان پەسندكردنى پڕۆژەیاساى لێبوردنى گشتییە. .

پتر گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای رێككەوتننامەی هاتووچۆی ناودەوڵەتیی بیاوانى پیادە و كەلوپەل لە نێوان عێراق و ئوردن دەدرێ، لەگەڵ پڕۆژەیاساى پەسندكردنى رێككەوتننامەى عەرەبی بۆ نەهێشتنی تاوانە لە سنوورە نیشتمانییەكان.

ئەو ئەندامە كوردە ئاماژەى كرد كە دوایین كارنامەى كۆبوونەوەى سبەى دەنگدانە لەسەر پەسندكردنى ئەندامیەتی عێراق لە رێككەوتنامەى پاراستن و گەشەكردنى هەموو جۆرە دەربڕینە كولتوورییەكان.
Top