بایدن: نابێت خاك و ئاسمانی عێراق بۆ گوازتنەوەی چەك بۆ سووریا بە كار ببرێت

بایدن: نابێت خاك و ئاسمانی عێراق بۆ گوازتنەوەی چەك بۆ سووریا بە كار ببرێت
22 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جۆو بایدن، بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، ڕاگەیاند كە پێویستە ڕێ نەدرێت ئاسمانی عێراق بۆ مەبەستی گوازتنەوەی چەك لە ئێرانەوە بۆ سووریا بەكار ببرێت.
دوێنێ هەینی، جۆو بایدن و مالیكی، بەكارنەبردنی ئاسمانی عێراق لە لایەن ئێرانەوە بۆ مەبەستی گوازتنەوەی چەك بۆ سووریایان خستە بەر باس. ئەمە یەكەمین پێوەندیی باڵای نێوان واشنتۆن و بەغدایە لەو بارەیەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانی ڕۆژاوا ئاماژەیان دابیوو كە فڕۆكەكانی ئێران لە ڕێی ئاسمانی عێراقەوە چەك و سەرباز بۆ سووریا دەگوازنەوە، كە مەبەست لێی هاوكاریكردنی سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەدە، دژبە ڕاپەڕینی سووریاییەكان كە داوای لادانی ئەسەد و گۆڕینی ڕژێمەكەی دەكەن و زیاتر لە 18 مانگە بەرپا بووە.
عێراق پێنجشەممەی ڕابردوو بەكاربردنی ئاسمانی وڵاتەی بۆ ئەو مەبەستە ڕەت كردووەتەوە. ڕاپۆرتێكیش ئاماژە دەدات كە سوپای پاسداران گوازتنەوەی ئەو چەكانە یگرتووەتە ئەستۆ و گەشتەكانیش ئەو ڕێكی خستوون.
كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكیدا لەبارەی گفتوگۆی نێوان بایدن و مالیكییەوە دەڵێت \"جێگری سەرۆك و سەرۆكوەزیران، بابەتی ئاساییشی هەرێمی خراوەتە بەر باس و جەخت كراوەتەوە كە دەبێت ڕێ بە هیچ دەوڵەتێك نەدرێت خاك و ئاسمانی عێراق بە مەبستی گوازتنەوەی چەك بۆ سووریا بە كار ببات.
بەڵام بەیاننامەكە حكوومەتی عێراق كە شیعە بەڕێوەی دەبات تۆمەتبار نەكردووە.
بەغدا دەنگی خۆی نەخستە پاڵ داوای ڕۆژاوایی و عەرەبەكان بۆ لادانی سەرۆكی سووریا، بەڵام لە ڕابردوودا چاكسازی لەو وڵاتەدا بە پێویست زانیوە."
Top