دووسبەی پەرلەمانی عێراق كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دادگەى فیدراڵی دەخاتە دەنگدان
سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، كارنامەى دانیشتنى دووشەمی داهاتوو لە 11 پڕۆژەیاسا پێك هاتووە كە هەندێكیان دەخرینە دەنگدانەوە و خوێندنەوەى یەكەم و دووەمیش بۆ 4 پڕۆژەیاسا دەكرێ.
خۆشناو گوتى سەرەتا پڕۆژەیاسای دادگەى باڵای فیدراڵی دەخرێتە دەنگدانەوە، پاشان دەنگ لەسەر سێیەم هەمواركردنی یاساى ئەنجوومەنى هەڵبژاردنى پارێزگە و شارۆكە و شاردێكان و پڕۆژەیاسای گوندی كشتوكاڵی نموونەیی دەدرێ.
پتر گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسانی، ئەنجوومەنى باڵاى داوەری، زیادكردنى ئەندامانى كۆمسیۆن، هەڵوەشاندنەوەى چەند بڕیارێكی ئەنجوومەنى سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشێنراوى تایبەت بەپرۆسەی خوێندن و هەمواركردنى یەكەمی یاساى وەزارەتى كار و كاروبارى كۆمەڵایەتی، دەدرێ.
\"هەروەها پەرلەمان دووسبەى خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاسا ئەندامیەتیی عێراق لە رێككەوتننامەى پاراستنی مادە ناوكەییەكان و پڕۆژەیاسای دەستەى دەروازە سنوورییەكان دەكا\"" خۆشناو گوتى.
ئاماژەى كرد خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساكانى پەسندكردنى كۆمارى عێراق لەسەر رێككەوتننامەى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەدەغەكردنى گشتگیری تاقیكردنەوە ناوكەییەكان و قەدەغەكردنى حزبی بەعس و هەموو قەوارە هەڵوەشێنراوەكان كە هزری تیرۆر و تەكفیر لە خۆوە دەگرن، دەكا.
دوێنێ پەرلەمانى عێراق بەئامادەبوونى 178 ئەندام لە 17مین دانیشتندا بەسەرۆكایەتیی قوسەی سوهێل جێگری یەكەم خوێندنەوەى یەكەم و دووەمى بۆ 6 پڕۆژەیاسا كرد.
ئاكانیوز"
