سەرباری پەشیمانبوونەوەیشی، پەرلەمانی عێراق مەسەلەكەی جەلالەددین سەغیر دەخاتە بەر باس
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و زانای ئایینیی شیعەمەزهەب، جەلالەددین سەغیر، لە میانی گوتارێكیدا هێرشی كردبووە سەر گەلی كورد و باسی لەوە كردبوو كە كورد ئەو لادەرانەن كە لە كتێبی داستان و فیتنەكاندا باس كراون و لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئیمامی مەهدی دەستبەجێ لەگەڵ دەركەوتنیدا تۆڵەیان لێ دەكاتەوە و لەڕیشەوە دەریان دەهێنێت. هەروەها جەختی لەوە كردبووەوە كە (ئیمامی مەهدی) تەنیا لەگەڵ كوردەكانی عێراقدا دەجەنگێت.
گوتەكانی (سەغیر) كاردانەوەیەكی توندی لە ناوەندە ئایینی و سیاسییەكاندا لێ كەوتەوە و دەستەجێ چەندین كەسایەتیی سیاسی و ئایینیی كورد و شیعە رەتیان دایەوە و تا هەنووكە كاردانەوەكانی گوتارەكەی ناوبراو بەردەوامە.
لە دوای ئەوەی كە گوتەكانی مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و چەندین كەسایەتیی سەرزەنشتیان كرد. جەلالەددین سەغیر چەند روونكردنەوەیەكی دا و تێیدا باسی لەوە كرد كە كورد بە هەڵە لە قسەكانی گەییشتوون. لە پەیامەکەیدا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر ئاڕاستەی گەلی كوردی كردووە، ڕۆشنایی خستووەتە سەر مێژووی پێوەندییەكانی بە گەلی كوردەوە و هاوكات پاڵپشتیی خۆیشی بۆ كورد دەربڕیوە و ئاماژەی بەو ستەمانە كردووە كە لە كورد كراون.
جێگەی ئاماژەیە، ئیمامی مەهدی یان مەهدیی چاوەڕوانكراو، ناوی محەممەدی كوڕی حەسەنی مەهدیـیە. شیعەی دوازدە ئیمامی پێیان وایە كە ئیمامی دوازدەیەمینیانە و تەواوكەری زنجیرەی ئیمامەكانە و لە ئاییندەدا دەردەكەوێت تاوەكوو زەوی پڕ بكات لە دادپەروەری، وەك چۆن پڕ بووە لە تاوان و ستەم. كاتی خۆی باوكی (مەهدی)ـی چاوەڕوانكراو (حەسەن عەسكەری) كە ئیمامی یازدەیەمی شیعەیە، لە ترسی دەوڵەتی عەباسییەكان محەممەدی مەهدیـی كوڕی شاردووەتەوە، لەبەر ئەوەی كە عەباسییەكان دوژمنی عەلەوییەكان بوون.
بە بڕوای زۆرێك لە شیعەكان، ئیمامی مەهدی كاتێك دەردەكەوێت كە زەوی پڕ بووبێت لە تاوانكاری، بۆیە ئەوان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دەركەوتنی ئیمامی دوازدەیەمینیانن. بۆ دەركەوتنەكەیشی چەندین نیشانە لە كتێبەكانی شیعەدا باس كراون.
جەلالەددین سەغیر زانایەكی ئایینی شیعە مەزهەبە، لە ساڵی 1957 لە نەجەف لەدایك بووە، هەشتەم منداڵی ئایەتوڵڵا عەلی سەغیرە. سەربە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە و هەنووكە لە مزگەوتی (براپا) گوتاربێژە.
