هاوپەیمانیی نیشتمانى كارنامە چاكسازییەكەى پێشكێشی لایەنەكان دەكا
شاكر دشر دەراجی ئەندامی پەرلەمانى عێراق و سەركردە لە تەباییی دەوڵەتی یاسا
بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بەپێی رێككەوتنى دەستەى سیاسیی هاوپەیمانیی نیشتمانى و لێژنە چاكسازییەكەی، بڕیارە لە رۆژانى زۆر نێزیك كارنامە چاكسازییەكەى پێشكێشی لایەنەكان بكا.
دەراجى گوتى، كارنامەكە هەموو دەستپێشخەرییەكانى پێشترى هەولێر ـ نەجەف، رێككەوتننامەى هەولێر، دەستپێشخەری هاوپەیمانیی نیشتمانى بۆ كۆنگرەى نیشتمانى، دەستپێشخەری سەركۆمار راى و بۆچوون و سەرنجی لایەنەكانى لەسەر وەرگیراوە.
پتر گوتى، دواى زنجیرە كۆبوونەوەكانى ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكى هاوپەیمانیی نیشتمانى لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانى هەموو تێبینی و داواكاری و سەرنجی ئەو لایەنانە وەرگیراوە و خراوەتە ناو كارنامەكە.
ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەى كرد كە گەڕانەوەى بۆ دەستوورى عێراق و كردنى بە تاكە سەرچاوەى چارسەركردنى تەنگژەكان باشترین كۆدەنگی لێ دەكەوێتەوە.
ئاكانیوز
