فەرەج حەیدەری: هەرێم لەبارەی وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پارێزگەكان ئاگەداری نەكردوین
فەرەج حەیدری ئەمڕۆ شەموو بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان دوا خرا، تا ئێستە حكوومەت و پەرلەمانی هەرێم لەبارەی وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان ئاگەداری نەكردووین.
زیاتر گوتی، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان لە مادەیەكدا هەموار دەكرێتەوە كە تایبەتە بە كۆتای مەسیحییەكان.
ماوەی 7 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدراوە لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەبێ چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێ بێتە ئەنجامدان.
\"هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لەكاتی خۆیدا بەڕێوە ناچێ، بەهۆی ئەوە تا ئێستە بودجەی بۆ دیاری نەكراوە، هەروەها كێشە هەیە لەسەر نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەوەی هەندێك لایەن دەڵێن پشت بە ئاماری وەزارەتی بازرگانی ببەستن و هەندێكی تر داوای تۆمارێك دەكەن كە دەستەی ئامار رێكی خستبێ، دانەمەزراندنی ستافی نوێی كۆمسیۆنیش كە بۆ 35 رۆژی تر دواخراوە، كێشەیەكی تری بەردەم هەڵبژاردنە لە عێراق\"" حەیدەری گوتی.
بەپێی یاسا دەبوو لە 15 كانوونی دووەم/یەنایەری داهاتوو بێتە ئەنجامدان، بەڵام كۆمسیۆن ئەوەی راگەیاندووە كە هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا ناكرێ."
