فەرماندەى هێزیی ئاسمانیی عێراق: لەو 13 باڵەفڕوانەى لە ئەمەریكا مەشق لەسەر F16 دەكەن دوویان كوردن
ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) كەوتووە گوتى، شێوەى كاركردن لەبارەى ناردنى ئەو پۆلە باڵەفڕوانە بۆ مەشقكردن لە واشنتۆن بەپێی بنەواى تاقیكردنەوەكانى زمان و ئاست و لێهاتوویى بووە و لە رێگەى لێژنەیەكی تەكنیكی و پیشەیی لە دەرەوەى فەرماندەى هێزی ئاسمانییەوە دەستنیشان كراون.
لەبارەى هەبوونى یەك پێكهاتە لە نێو ئەو پۆلە باڵەفڕوانە وەك هەندێك لە سیاسەتوانان دەڵێن ئەمین گوتى، من ناچاربووم لەو بابەتە قسە بكەم، پشتمان بەئەزموون و لێهاتووى بەستووە بۆ ناردنیان ئەو پۆلەى ئێستە سونە و شیعە و كورد و توركمانی تێدایە.
پتر گوتى، ئەو پۆلەی ئێستە رەوانەكراون لەوێ روووبەڕووی چەند تاقیكردنەوەیەك هاتن و 4یان نووچیان خوارد و لە جێگەیان 4ى ترمان رەوانە كرد، شیمانەشی هەیە زۆرینەیان سەركەوتوو نەبن.
ئەو فەرماندەیە كوردە گوتى، ئێستە 13 باڵەفڕوان لە واشنتۆن مەشق دەكەن، 9یان شیعەن، یەكێكیان سونە، دووانیان كوردن و یەكێكیش توركمانە، ئەگەری هەیە زۆرینەیان سەركەوتوو نەبن، چونكە تاقیكردنەوەكان لەسەر بنەماى شارەزایی و لێهاتووییە و سەیری نەتەوە و تایەفە ناكرێ.
ئەمین گوتی، پێویست بوو لەسەر سیاسەتوانان بەر لە قسەكردن لەسەر پرسەكە پێوەندیمان پێوە بكەن.
لە چەند رۆژەى رابردوو سیاسەتوان رەخنەیان لە پرسی ناردنی پۆلێك باڵەفڕوان گرت بۆ مەشقكردن لەسەر F16 لە ئەمەریكا و ئاماژەیان بەوە دابوو كە هەموویان لەیەك تایەفەن.
