لیستی عێراقییە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكا دووربینانە و دوور لە دەمارگرتن مامەڵە بكا
هادی زاڵمی گۆتیاری بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی یەكێك لە پێكهاتەكانی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دۆخی عێراق لە رووی تەناهی و سیاسییەوە ئاڵۆزە و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە پێویست بە مامەڵەكردنی هێمنانە و دووربینانە دەكا.
زیاتر گوتی، پێویستمان بە دووركەوتنەوە لە دەمارگرتن هەیە، هاوكات دووپات لە رێزگرتن لە سەروەریی خاكی عێراق دەكەینەوە.
زیاتر گوتی، وروژاندنی پرسی سەردانەكەی ئەحمەد داود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق هەوڵێكە لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان بە مەبەستی كردنەئامانجی لایەنەكانی تر و دەرخستنیان بە وێنەی پێشێلكردن بۆ سەروەریی وڵات.
حكوومەتی عێراق سەردانی پێنجشەمی رابردووی ئەحمەد داود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەولێر و كەركووك بە پێشێلكردن و رێز نەگرتن لە سەروەریی خاكی عێراق لە قەڵەم دا و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵوێزگەی توركیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتن كرا، بەو پێیەی ئەو سەردانە بەبێ زانیاری و رەزامەندیی حكوومەتی عێراق ئەنجام دراوە.
(ئاكانیوز)-
