بارستەی سەدر داوای پەلە لە چارەسەركردنی تەنگژەی نێوان هەولێر و بەغدا دەكا
ەها ئەعرەجی لە بەیاننامەیەكی بارستەكەدا گوتی، لە كۆبوونەوەی دوێنێی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرانی بارستە سیاسییەكاندا، ئاماژە بۆ تەنگژەی دوایی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا بەتایبەتی ئەو هێزە سەربازییەی رەوانەی ناوچە سنوورییەكان كرا.
زیاتر گوتی، داوا دەكەین پەلە لە چارەسەركردنی ئەو جۆرە كێشانە بكرێ و ئاماژەی كرد، تەنگژەكە سەربازی و تەناهی نییە، بگرە بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشەكانە و پێشتر وریاداریمان لەبارەیانەوە داوە.
ئەعرەجی ئاماژەی بۆ پێویستی چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكان بەپێی دەستوور و بەبێ دواخستن كرد بۆ ئەوەی دۆخێك روونەدا كە سەربازێكی عەرەب بەرامبەر سەربازێكی كورد بوەستێ و چەك ئاراستەی یەكتر بكەن بەهۆی كێشەی سیاسییەوە.
روونی كردەوە، بۆ ئەوەی دادوەر بین پێویستە گوێبیستی بۆچوونی دەزگا تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان بین و ئەوەشمان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دوا كردووە، وێڕای داوای پێویستی سازكردنی كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور.
ئەمڕۆ چوارشەم بارستەی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەستپێشخەرییەكی بۆ كۆكردنەوەی هەریەك لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری پێشمەرگەی هەرێم و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگریی عێراق راگەیاند بۆ تاوتوێكردنی پرسی بڵاوكردنەوەی سوپای عێراق لە ناوچە كێشەدارەكاندا.
ئاكانیوز
