لایەنى ئۆپۆزسیۆن رازین ئەندامێكى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بدرێتە بزووتنەوەى گۆڕان

لایەنى ئۆپۆزسیۆن رازین ئەندامێكى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بدرێتە بزووتنەوەى گۆڕان
پەرلەمانتارێكی عێراق سەربە تەبایی بارستەی كوردستانییەكان رای گەیاند، لە كۆی 15 ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، كورد 3 ئەندامی بەر دەكەوێ كە دوویان بەر هاوپەیمانیی كوردستان و ئەوى تریشیان لایەنى ئۆپۆزسیۆن رازین بدرێتە بزووتنەوەى گۆڕان.

فاتیح داراغایی ئەمڕۆ چوارشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كرد و بڕیار درا ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵا لە 9 ئەندام بۆ 15 ئەندام زیاد بكرێ، كورد ژمارەى ئەندامانى بۆ 3 كەس زیاد دەبێ.

روونی كردەوە، وەك پێشتر هاوپەیمانیی كوردستانی 2 ئەندامیان دەبێ و ئەوەی تریش بۆ یەكەمجار بەر لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكەوێ كە برێتین لە بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.

زیاتر گوتی، هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن رێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەو پاڵاوكەی بەر لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكەوێ،بدرێ بە پاڵاوكی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرئەوەی لە رووی ژمارەی پەرلەمانتارەوە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق خاوەنی 8 پەرلەمانتارن.

داراغایی ئاشكرا كرد، تا ئێستە كورد لە كۆی 60 پاڵاوك، 10 پاڵاوكی هەیە بۆ ئەوەی وەك ئەندامی نوێی كۆمسیۆن بێنە هەڵبژاردن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن تا ئێستە هیچ پاڵاوكێكى لەناو ئەو 10 پاڵاوكە كوردە نییە، لەبەر ئەوە پاش پەسندكردنی هەمواركردنی یاساكەی كۆمسیۆن بزووتنەوەی گۆڕان پاڵاوكێك پێشكێش دەكا.

لای خۆیەوە موئەیەد تەیب گۆتیاری فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، چاوەڕوانی پەسندكردنی هەمواركردنەوەی یاساكەین و پاشان قسە لەسەر ئەو پرسە دەكەین.

زیاتر گوتی، شیمانە دەكرێ لە كۆی ئەو 3 ئەندامەی بەر كورد دەكەوێ یەكێكیان بەر لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەوێ جا لای ئێمە روون نییە كام لایەنە وەری دەگرن و ئەوان سەرپشكن لە دابەشكردنیان لەناو خۆیاندا.

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی عێراق كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، بۆ (ئاكانیوز) گوتی، ئەو ئەندامەی كۆمسیۆن بەر ئۆپۆزسیۆن دەكەوێ بزووتنەوەی گۆڕان وەری دەگرێ لەبەر ئەوەی خاوەن 8 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق.

زیاتر گوتی، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ پاڵاوكێكى تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام لە كۆی ئەو 10 كوردەی لەناو 60 پاڵاوكدان پاڵپشتى یەكێكیان دەكەین كە سەربەخۆ بێ.
Top