سبەى پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەكی پڕمشتومڕ دەدا

سبەى پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەكی پڕمشتومڕ دەدا
ئەمڕۆ چوارشەم سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنى هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، بڕیارە سبەى پەرلەمانى عێراق لە 8مین دانیشتنى وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەكی پڕمشتومڕ بدا و خوێندنەوەى بۆ هەندێكی تریش بكا.
سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، خشتەى كارنامەى كۆبوونەوەى سبەى پەرلەمان هەمان ئەو كارنامەیە كە حەوتووى رابردوو بەهۆى نەبوونى كۆدەنگى لایەنەكان دانیشتنەكان دواخران.

خۆشناو گوتى، سبەى پەرلەمان دەنگ لەسەر هەمواركردنى دووەمى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگە و شارۆكە و شارەدێكان دەدا، هەروەها دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەرسێ دیوانەكانى ئەوقاف (شیعە، سونە، ئاینەكانى كریستیانى، ئێزدی و سابیئەى مەندائی\" دەدا.

پتر گوتى، سێیەم كارنامەى كۆبوونەوەكەى سبەى برێتییە لە دەنگدان لەسەر بڕیارێك كە وەزارەتى كارەبا تواناى چارەسەركردنى كێشەى كارەباى وڵاتی نییە.

خۆشناو ئاماژەى كرد هەروەها پەرلەمان خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى تەواوكاری دەكا، لەگەڵ خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساكانى گەڕانەوەى خاوەنداریەتیی ئەو بەڵگەنامانەى كە بەناوى خوازراوى كۆچبەران و كۆچپێكراوان كراوە، پڕۆژەیاسای وەزارەتى شارەوانى و پڕۆژەیاسای پاسبەندى كشتوكاڵی.

دوێنێ سێشەم سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی عێراق وێرای ئەوەی لە دانانی بودجەی وڵات ئاگەداریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بودجەی تەواوكاری زیاتر لە تریلیۆنێك دیناری عێراقی پشكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە

سەرۆكایەتیی پەرلەمانى عێراق لە 16ى ئەم مانگە دانیشتنێكی ئاسایی خۆى بەهۆى نەبوونى كۆدەنگى لەسەر پڕۆژەیاساكان بۆ 24ى مانگ دوا خست.

دوێنێ پەرلەمان لە حەوتەم دانیشتنى خۆیدا بەئامادەبوونى 205 پەرلەمەنتار دەنگی لەسەر خوێندنەوەى یەكەم و دووەمى بۆ 8 پڕۆژەیاسا كرد و دەنگیشی لەسەر یەك پڕۆژەیاسا دا.













(ئاكانیوز)"
Top