ساڵی داهاتوو لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراقی دەست پێ دەكا و پرۆسەكە نێزیكەی سێ ساڵ دەخایەنێ
حەسەن ئوزمەن، كە ئەندامی فراكسیۆنی عێراقییەیە لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست دەكا بە كێشانەوەی دراوی ئێستە لەگەڵ ئەوەشدا دراوی ئێستە هەر ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێ بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دەرفەتێكی تەواویان لەبەردەمدا بێ بۆ گۆڕینەوەی دراوەكانیان.
ئوزمەن پێ وابوو گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەكانی ئەزموونێكی سەركەوتوو و بەسوودە بۆ ئابووری عێراق بەهۆی سەركەوتنی ئەو ئەزموونە لە چەند وڵاتێكی تردا و ئاماژەی دا: ئەو پرۆسەیە كە ماوەی دوو تا سێ ساڵ دەخایەنێ دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دراوی كاغەز لای هاووڵاتییان و كاریگەریشی بەسەر ئابووریی عێراقەوە نابێ.
جێی ئاماژەیە، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر بە نووسراوی رەسمی داوای لە لایەنە پێوەندارەكان كردووە هەوڵی رژد بدەن بۆ ئەوەی شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان بخرێنە سەر دراوی نوێی عێراقی و بۆ ئەو مەبەستەش ناوی 10 شوێنەواری پێشنیاز كردووە بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێ.
