بۆ یەكلایی‌ كردنەوەی‌ دابەشكردنی‌ ئەندامان بەسەر كوتلەكاندا، تا ئێستا سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی عێراق وەڵامی‌ نەبووە

بۆ یەكلایی‌ كردنەوەی‌ دابەشكردنی‌ ئەندامان بەسەر كوتلەكاندا، تا ئێستا سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی عێراق وەڵامی‌ نەبووە
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاویەمانی كوردستانی رایگەیاند: تا ئێستا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق وڵامی داوای پێكهێنانی كۆمسیۆنی نوێی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دابەشكردنی ئەندامانی ئه‌و كۆمسیۆنەی بەسەر كوتلەكان نەداوەتەوە.

موئەییەد تەیب، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەهۆی تەواوبوونی وادەی ئەو خولەی كاركردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی تازە بڕیار دراوە و لیژنەیەك لە لایەنە پەیوەندارەكانی ناو پەرلەمانی عێراق پێكهێندرا كە ئێمە ئەندامێكین تێیدا و كارە پێویستیەكانمان جێبەجێكردوە.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، گوتی: دوای كاری پێویست و بە رێككەوتنی ئەندامانی لیژنەكە، پێشنیارمان كرد كە كۆمسیۆنی نوێ لە 9 ئەندام پێكبهێندرێت كە 4 ئه‌ندامیان بۆ لایەنی شیعە، 2 بۆ سوننە، 2 بۆ كوردن و ئه‌ندامێکیش بۆ كەمایەتیەكانی‌تره‌. ئەوەشمان دایە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت‌ و كارە پێویستیەكانی‌تری بۆ ئەنجام بدەین، بەڵام تا ئێستا وڵاممان وەرنەگرتووەتەوە.

موئەییەد تەیب، گوتی: دوای وڵامی سەرۆكایەتیی پەرلەمان،كار لەسەر ئەو 60 داواكاریە دەكەین كە بۆ ئەندام بوون لە كۆمسیۆنی تازە پێشكەشكراوە و بە پێی رێنمایی و مەرجە دیاریكراوەكان دیاریان دەكەین و دواتر بۆ جێگیكردنیان دەبیت پەرلەمانیش دەنگیان لەسەر بدات و دوای ئەوەش رادەسپێدرێن بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنی نوێی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق.



ئه‌و په‌رله‌مانته‌ری لیستی کوردستانی، ئەوەشی ئاشكراكرد که‌ هەوڵێك لە ئارادایە بۆ زیادكردنی رێژەی ئەندامانی ستافی باڵای كۆمسیۆنەكە لە 9 كەسەوە بۆ 13 كەس كە ئەگەر جێبەجێبكرێت، راستەوخۆ بەشی هەمو پێكهاتەكان زیاد دەبێت.

Top