بۆ یەكلایی كردنەوەی دابەشكردنی ئەندامان بەسەر كوتلەكاندا، تا ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق وەڵامی نەبووە
موئەییەد تەیب، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەهۆی تەواوبوونی وادەی ئەو خولەی كاركردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی تازە بڕیار دراوە و لیژنەیەك لە لایەنە پەیوەندارەكانی ناو پەرلەمانی عێراق پێكهێندرا كە ئێمە ئەندامێكین تێیدا و كارە پێویستیەكانمان جێبەجێكردوە.
ئهو ئهندامهی پهرلهمانی عێراق، گوتی: دوای كاری پێویست و بە رێككەوتنی ئەندامانی لیژنەكە، پێشنیارمان كرد كە كۆمسیۆنی نوێ لە 9 ئەندام پێكبهێندرێت كە 4 ئهندامیان بۆ لایەنی شیعە، 2 بۆ سوننە، 2 بۆ كوردن و ئهندامێکیش بۆ كەمایەتیەكانیتره. ئەوەشمان دایە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و كارە پێویستیەكانیتری بۆ ئەنجام بدەین، بەڵام تا ئێستا وڵاممان وەرنەگرتووەتەوە.
موئەییەد تەیب، گوتی: دوای وڵامی سەرۆكایەتیی پەرلەمان،كار لەسەر ئەو 60 داواكاریە دەكەین كە بۆ ئەندام بوون لە كۆمسیۆنی تازە پێشكەشكراوە و بە پێی رێنمایی و مەرجە دیاریكراوەكان دیاریان دەكەین و دواتر بۆ جێگیكردنیان دەبیت پەرلەمانیش دەنگیان لەسەر بدات و دوای ئەوەش رادەسپێدرێن بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنی نوێی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق.
ئهو پهرلهمانتهری لیستی کوردستانی، ئەوەشی ئاشكراكرد که هەوڵێك لە ئارادایە بۆ زیادكردنی رێژەی ئەندامانی ستافی باڵای كۆمسیۆنەكە لە 9 كەسەوە بۆ 13 كەس كە ئەگەر جێبەجێبكرێت، راستەوخۆ بەشی هەمو پێكهاتەكان زیاد دەبێت.
