شوانی: پرۆژه‌ یاسایه‌كمان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوكه‌وه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌

شوانی: پرۆژه‌ یاسایه‌كمان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوكه‌وه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌
خالید شوانی په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: وه‌كو نوێنه‌رانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پرۆژه‌ یاسایه‌كمان داوه‌ته‌ په‌رله‌مانی عیراق بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی ترو به‌پێی هه‌مان میكانیزمی پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجامبدرێت.
شوانی راشیگه‌یاند: له‌كاتێكدا په‌رله‌مانی عیراق سه‌رقاڵی دانانی ره‌شنوسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان، وه‌ك نوێنه‌رانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پرۆژه‌ یاسایه‌كمان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عیراق كردووه‌، پێشكه‌شكردنی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كورده‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ یاسایه‌ك له‌هه‌مان بواردا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی عه‌ره‌به‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانی عیراق.
ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌پرۆژه‌ یاساكه‌یاندا جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌خولی پێشووی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقدا كه‌ركوك هه‌ڵبژاردنی تێدا نه‌كراوه‌، زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌و ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی كه‌ركوكیش له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا بێ به‌شبون كه‌بۆ ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ هاوشێوه‌كانیان له‌پارێزگاكانی تری عیراق فه‌راهه‌م كرابون، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانین كه‌ئه‌مجاره‌یان هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری عیراق به‌ڕێوه‌ بچێت.
خالید شوانی راشیگه‌یاند: له‌ناو پرۆژه‌كه‌یاندا هاتووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندان له‌كه‌ركوك كه‌هاوكات له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی عیراق و به‌پێی هه‌مان میكانیزمی پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراقیش له‌كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێتـ، وتیشی: جه‌ختیان له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ پێویسته‌ هیچ مه‌رجێك دانه‌نرێت كه‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستورو دژ به‌دیموكراسی بێت، له‌پرۆژه‌كه‌ماندا ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ ئامانجمان له‌ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئیداره‌ی كه‌ركوك و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانن باشتر خزمه‌تی هاووڵاتیانی پارێزگای كه‌ركوكی پێبكه‌ن.
Top