پەرلەمانتارێك: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاوپەیمانیی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسەكانی عێراق ڕادەگەیەنێ

پەرلەمانتارێك: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاوپەیمانیی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسەكانی عێراق ڕادەگەیەنێ
ئەندامێكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاوپەیمانیی كوردستان كۆ دەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی لەمەڕ پرسەكانی عێراق دەخاتە ڕوو.
لە كۆبوونەوەكانی هەولێر و نەجەف ڕەوتی سەدر سوور بوو لەسەر ئەوەی دەبێ متمانە لە مالیكی بسەنرێتەوە، بەڵام ئێستا جۆرێك لە پاشەكشێ لە هەڵوێستەكانیان بەدی دەكرێ بەجۆرێك لە هەڵوێستی متمانە سەندنەوە گۆڕدراوە بۆ لێپرسینەوە و ئێستەش بۆ چاكسازی.

خالید شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئێمە وەكو لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دەدەین و راوبۆچوونی خۆمان لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و دواین پێشهاتەكان دەدەین.

موحسین سەعدوون، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە(ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ڕەوتی سەدر دەڵێن كە گفتوگۆ لە پەرلەمان كرا لەسەر لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران، ئەگەر كەمتەرخەمییەك هەبوو لەلایەن مالیكییەوە ئەوكات پشتگیری سەندنەوەی متمانە لە مالیكی دەكەن.

زیاتر گوتی، ئێمە هیچ ڕێكەوتنێكمان لەگەڵ ڕەوتی سەدر نییە تا پابەندیان بكەین بە هەر بڕیارێك، بۆیە ئەوەی دەیڵێن رای خۆیانە.

سەرەڕای پێكهێنانی لێژنەی چاكسازی لەلایەن لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی وەك چارەسەرێك بۆ تەنگژەی وڵات كە بەم دواییە رووی لە ئاڵۆزییەكی سەخت كردووە، بەڵام لیستی عێراقییە و رەوتی سەدر و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان سوورن لەسەر لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران.





ئاكانیوز
Top