موتڵەگ چاكسازییەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە هەمان مەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە دادەنێ

موتڵەگ چاكسازییەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە هەمان مەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە دادەنێ
ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری خزمەتگوزارییەكان ئەمڕۆ شەموو پێشوازی لە نووسی چاكسازییەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی كرد و بە ئامانجی پرۆسەی وەرگرتنەوەی متمانەی لە قەڵەم دا.

بەپێی بەیاننامەیەك موتڵەگ سەركردە لە لیستی عێراقییە گوتی، مەبەستی لایەنەكانی كۆبوونەوەی هەولێر لە وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجامدانی چاكسازی بەهاوشێوەی كە ئێستە هاوپەیمانیی نیشتمانی بانگهێشتنی بۆ دەكا.

ئەمڕۆ شەموو لیستی عێراقییە وای لە قەڵەم دا كە ئەو نووسەی سیاسییەی هاوپەیمانیی نیشتمانی باسی لێوە دەكا هەوڵێكە بۆ راكردن لە تەنگژەی ئێستەی وڵات بۆ تەنگژەیەكی نوێ و ئاماژەی كرد، هەر لە سەرەتای دروستبوونی حكوومەت داوای ئەو چاكسازییانەمان كردووە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە.

تەڵاڵ زەوبەعی سەركردە لە لیستی عێراقییە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، تا ئێستە پرسی چاكسازی ئاراستەی لیستی عێراقییە نەكراوە بۆ ئەوەی ئاگەداری بێ و ئێمە وا سەیری نووسەكە دەكەین كە راكردنە لە تەنگژەی ئێستە لە رێگەی دروستكردنی تەنگژەیەكی نوێ و ئاماژەی كرد، ئەو لایەنانەی لە هەولێر و نەجەف و مووسڵ كۆبوونەوە لە ئامادەكردنی فایلەكانی لێپرسینەوە بەردەوامن.

دوای ئەوەی لیستی عێراقییە و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و رەوتی سەدر لە هەولێر كۆبوونەوە و نووسێكی 19 خاڵی چاكسازییان رەوانەی هاوپەیمانیی نیشتمانی كرد و ماوەیان بۆ جێبەجێكردنی دیاری كرد، بەهۆی جێبەجێ نەكردنیان پەنایان بۆ هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق برد.
Top