ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر بودجەی تەواوكاریی 2012 بە بڕی نێزیكەی 11 ترلیۆن دینار دەدا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر بودجەی تەواوكاریی 2012 بە بڕی نێزیكەی 11 ترلیۆن دینار دەدا
حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە بڕیاری لەسەر بودجەی تەواوكاریی 2012ی عێراق داوە كە بڕەكەی نێزیكەی 11 ترلیۆن دیناری عێراقییە و ئاماژەی كرد، لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدا 40 هەزار پلەی دامەزراندن وەك پێویستییەكی بەپەلە دابین كراوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی رەسمیی حكوومەتی عێراق كە وێنەیەكی گەیشتە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) عەلی دەباغ گۆتیاری حكوومەتی عێراق رای گەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بودجەی تەواوكاریی 2012ی دا كە بڕەكەی 10 ترلیۆن و 875 ملیار دیناری عێراقییە و بەسەر پێویستییە لە پێشینەییەكانی دەوڵەت هاتە دابەشكردن.

زیاتر گوتی، دیارترین دابەشكردنەكانی ئەو پارە، تەرخانكردتی بڕی 2 ترلیۆن دینارە بۆ پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا و 1.4 ترلیۆنی تر بۆ پسوولەی بژێوی و ترلیۆنێك بۆ وەزارەتی بەرگری و 830 ملیار دینار وەك قەرەبووی شەڕی كوێت.

دەباغ روونی كردەوە، بودجەی تەواوكاری 40 هەزار پلەی دامەزراندنی وەك پێویستییەكی بەپەلەی تێدا دابین كراوە، بەو پێیەی 24 هەزار پلە بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوەخۆ بێ و پلەكانی تر بەسەر وەزارەت و دەستەكانی تری دەوڵەت دابەش كراوە بۆ جێگیركردنی ئەو كەسانەی پێشتر بە گرێبەست دامەزراون.

ئاماژەی كرد، بودجەی تەواوكاری پێویستی بە پەسندكردنی پەرلەمانی عێراقە.

حكوومەتی عێراق لە 5ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو بودجەی 2012ی عێراقی دیاری كرد كە بڕەكەی 100 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بوو (نێزیكەی 117 ترلیۆن دیناری عێراقی) بە تێكڕای كورتهێنانی 13.5 ملیار دۆلار (17 ترلیۆن دینار).





ئاكانیوز
Top