سامانە سروشتییەكان: بەغدا پشكی سووتەمەنى هەرێمی بەمەبەستی قاچاخی و تاڵان بڕیوە

سامانە سروشتییەكان: بەغدا پشكی سووتەمەنى هەرێمی بەمەبەستی قاچاخی و تاڵان بڕیوە
ئەمڕۆ دووشەم سەرچاوەیەك لە وەزارەتى سامانە سروشتییەكانى هەرێم دووپاتى كردەوە كە بەشە سووتەمەنى هەرێم بەمەبەستی قاچاخی و تاڵان بڕدراوە و بەغدا جگە لەوەش گاوزایل بۆ وێستگەكانى كارەباش دابین ناكا.

شەمووى رابردوو وەزارەتى نەوتى عێراق بەیاننامەیەكدا دووپاتى كردەوە كە لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستە هەموو پێداویستییەكانى هەرێمی بۆ سووتەمەنى دابین كردووە و بەرپرسانى هەرێمیش ئەو راستییە دەزانن، ئەمەش بەداتا و ئامار هەیە و بەمزووانەش ئەو داتایانە دەخەنە ڕوو و هەروەها هەرێمی بەفرۆشتنى نەوتى خاو بەقاچاخ تۆمەتبار كرد.

وەزارەتى سامانە سروشتییەكان لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی ناردووە بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گوتى، پشكی هەرێمی كوردستان بڕدراوە و داهاتەكەى دیار نییە و بۆ مەبەستی قاچاخی و تاڵان بڕدراوە.

پتر گوتى، لە كۆى گشتی ساڵانەى بودجەى عێراق پتر لە 600 ملیۆن دۆلار بۆ دابینكردنى گازاوایل بۆ وێستگەكانى كارەبا تەرخان كراوە، بەڵام تا ئێستە وەزارەتى نەوتى عێراق ئەم بڕە پارەیە خەرج نەكردووە، هەروەها لە 18/ى كانوونى دووەم/یەنایەری 2011 وەزیری نەوتى عێراق بەرەسمی ئیمزاى لەسەر بڕیارێك كرد كە دەبێ نرخی سووتەمەنى هەرێم و شارەكانى ترى عێراق یەك بخرێ، چونكە هى هەرێم كەمترە، بەڵام ئەو بڕیارەشیان جێبەجێ نەكرد.

لەبارەى بڕینی بەشە سووتەمەنى هەرێم سەرچاوەكەى وەزارەتى سامانە سروشتییەكان گوتى، ئێستە عێراق رۆژانە 600 ـ 700 بەرمیل نەوتى خاو دەپاڵێوێ، بۆیە وەك مافێكی دەستوورى پێویستە پشكی هەرێم رۆژانە 140 هەزار بەرمیل سووتەمەنى بێ، بەڵام ئەوان بەدرێژایی ساڵانى رابردوو ئەم بڕەیان دابین نەكردووە.

\"ئەمساڵیش لە 25ى نیسان/ئەپریلەوە بەپلانێكی داڕێژراو پشكی هەرێمیان لە 32 هەزار و 116 بەرمیلەوە لە رۆژێكدا بۆ 16 هەزار و 826 بەرمیل كەم كردووەتەوە و ئەوان لە كۆبوونەوەى رەسمی خۆیان گوتیان كە كەمكردنەوەكە بەبڕیارێكی سیاسی بووە، كە پشكی شێر لەو بڕینە بەمەبەستێكی سیاسی بەر هەولێر كەوتووە\"" هەمان سەرچاوە گوتى.

سەرچاوەكەى وەزارەتى سامانە سروشتییەكانى هەرێم فرۆشتنی نەوتى خاوى رەت كردەوە گوتى، بەهەموو شێوەیەك فرۆشتنى نەوتى خاو وەپاش دەدینەوە و دووپاتى دەكەینەوە كە نەوتى خاو نافرۆشین و ئەو نەوتە خاوەى ئەوان باسی دەكەن بۆ پاڵاوتنى لە هەندێك لە پاڵاوگە ناوخۆییەكان بەكاری دێنین.



ئاكانیوز"
Top