مەحموود عوسمان: مالیكی یەك ملیۆن چەكدارى هەیە و تاڵەبانیش پشتیوانى لێ دەكا و بەلاى ئەودا لار بووەتەوە
مەحموود عوسمان گوتى، كەس پایەندی دەستوور نابێ، پەرلەمان دەنگی بەحكوومەت داوە و مافی خۆیەتی حكوومەت بگۆڕێ بەزۆرینەى دەنگ، بەتایبەت ئەگەر ئەلتەرناتیڤەكەى هەر لە هاوپەیمانیی نیشتمانى بێ.
عوسمان وریایی دەدا و دەڵێ، عێراق بەرەو قۆناغێكی تازەى تاكڕەویی دەسەڵات هەنگاو دەنێ و ئێستە هەیە بەتایبەت لە رووى تەناهییەوە نێزیكەى یەك ملیۆن چەكدار هەیە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق سەركردایەتییان دەكا، لە عێراقیش كێ فەرماندەى هێزە چەكدارەكان بێ ئەو بەهێزە.
ئەو پەرلەمەنتارە كوردە داواى لە مالیكی كرد بەخۆیدا بچێتەوە چونكە كورد و شیعە و سوننەى عەرەب و توركمان داواى لادانى دەكەن، ناكرێ ئەو هەمووانە لەسەر هەڵە بن.
لەبارەى هەڵوێستی جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق لە هەمبەر پرسی لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكی، عوسمان گوتى، تاڵەبانی لەگەڵ لێسەندنەوەى متمانە نەبووە و راى ئەو لەگەڵ سازكردنى كۆنگرەی نیشتمانییە، ئەو بڕواى بەلێسەندنەوەى متمانە نییە، ئەو هەر لەسەرەتاوە پشتیوانى لە مالیكی كردووە، بۆیە بەلاى ئەودا لار بوویەوە.
پتر گوتى، ئەوەى كۆنتڕۆڵی عێراقی كردووە كۆمەڵێك بارستەن، دەوڵەت بوونى نییە، یا دامەزراوەی راستەقینە، هەموویان بەقسە دەڵێن پابەندیی دەستوورین، بەڵام راست ناكەن، هەریەكەو كار بەو بڕگەیە دەكا لە دەستوور كە لەبەرژەوەندیی ئەو دایە، رۆژنامەى \"شەرقوڵئەوسەت\""ی لەندەنى ئەمڕۆ گواستییەوە. "
