بانكی ناوەندیی عێراق: لابردنی سفرەكان پێویستی بە ئاڵوگۆڕكردنی زیاتر هەیە
موزهیر محەمەد ساڵح جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەركی بانكی ناوەندی پاراستنی سەقامگیری دراو و پاڵپشتیكردنی دیناری عێراقییە و ئاماژەی كرد، بانكەكە پلانێكی نوێی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكان لەبارەی رەوانەكردنی دراوی بیانی بۆ مامەڵەكارانی داناوە، كاتێك بانكی ناوەندی لەسەر بنەمای سەرمایەیان دراوی بیانی دەداتە ئەو بانكانە.
زیاتر گوتی، بانكەكان خۆیان وردەكاری لە مامەڵەكانی رەوانەكردنی دراودا دەكەن لە بری بانكی ناوەندی، بەو مەرجەی لە بەرژەوەندیی ئابووریی عێراق بێ و ئاماژەی كرد، لەبارەی لابردنی سفرەكان بانكەكە پێویستی بە ئاڵوگۆڕیی زیاتر لە گەڵ داودەزگا تایبەتەكان هەیە بەر لە جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوە.
ئەركی بانكی ناوەندیی عێراق پاراستنی سەقامگیریی نرخی دراو و جێبەجێكردنی سیاسیەتی دراوە، لەوانە سیاسەتی بەهای دراوەكە و بەڕێوەبردنی یەدەگی دراوی بیانی و رێكخستنی كەرتی بانكییە.
