مەحموود عوسمان: هەڵبژاردنى پێشوەختە جێبەجێ ناكرێ و راكردنە لە تەنگژەكان
مەحموود عوسمان لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆى لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەڵێ، گوێمان لە پێشنیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبێ وەك چارەسەرێك بۆ ئەم تەنگژەیەی ئێستە و گۆڕینی ئەنجوومەنی نوێنەران كە ئێستە سەركەوتووە و بێلایەن نییە لە تەنگژەكەدا.
عوسمان گوتى، پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختە راكردنە لە تەنگژەكە و جێبەجێ نابێ، چونكە پێش ئەوە پێویستە كۆمیسیۆنی تازەی هەڵبژاردن پێك بێ، سەرژمێری ئەنجام بدرێ، یاسای حزب و رێكخراوەكان پەسند بكرێ، یاسای هەڵبژاردن خۆی هەموار بكری بەشێوەیەك كە هەڵبژاردنەكە ئەنجامی باشتری لە ئێستەدا هەبێ.
ئەو پەرلەمەنتارە كوردە گوتى، چارەسەری بنەڕەتی و راستەقینە بۆ ئەم تەنگژەیە برێتییە لە پابەندبونی تەواو بەدەستوور و چاكسازیی بنەڕەتی لە هەموو رووییەكەوە و دابینكردنی هاوبەشی لە حوكم لە بڕیاردان بێ پەراوێزكردن و دوورخستنەوەی هیچ لایەنێك .
چوارشەمی رابردوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتى، ئەگەر هاتوو لایەنەكان گفتوگۆ و دانیشتنیان لەسەر مێزی دانوستان رەت كردەوە، ئەوا سەرۆك وەزیران ناچار دەبێ داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە بكا.
هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانى كوردستان كە جەلال تاڵەبانى سەرۆكایەتیی دەكا و بزووتنەوەى گۆڕان كە نەوشێروان مستەفا رێكخەری گشتییەتی پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە راگەیاند و گۆتیارێك بەناوى یەكێتی ئەو بژارەیەی بەیەكێك لە چارسەرە ناوبرد.
بەڵام هەریەك لە رەوتى سەدر كە موقتەدا سەرد رابەریەتی و ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتیی دەكا ئەو داوایەیان رەت كردەوە و سەدر بەچارەسەركردنى هەڵەیەك بەهەڵەیەكی ترى ناوبرد.
