سبەی لێژنەی چاكسازیی هاوپەیمانیی نیشتمانی دووەم كۆبوونەوەی ساز دەكا

سبەی لێژنەی چاكسازیی هاوپەیمانیی نیشتمانی دووەم كۆبوونەوەی ساز دەكا
هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە ئەو لێژنە چاكسازییەی لەلایەن پێكهاتەكانی هاوپەیمانیەتییەكە هاتووەتە دامەزراندن بە مەبەستی دانانی نەخشەرێگەیەك بۆ چارەسەركردنی دۆخی عێراق، سبەی دووەم كۆبوونەوەی ساز دەكا و ئاماژەی كرد، لێژنەكە رووماڵی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكا و چاویش بە نووسەكانی هەولێر و نەجەف دەخشێنێ.

محەمەد سەیهوود ئەندامی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لێژنەی چاكسازی كار بۆ ئەنجامدانی رووماڵكردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكا و چاویش بە نووسەكانی هەولێر و نەجەف دەخشێنێ و بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان دەخاتە روو.

زیاتر گوتی، قۆناغی ئێستە پێویست بە دانانی خاڵ لەسەر پیتەكان دەكا و ئەوەش لە ژێر چەتری دەستوور ئەنجام دەدرێ و هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەگرێتەوە و ئاماژەی كرد، لێژنەی چاكسازی تاوتوێی كێشەی نێوان بارستە سیاسییەكان و نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم و نێوان پێكهاتەكانی هاوپەیمانیەتییەكە دەكا.

سێشەمی رابردوو تەباییی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكا ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانیی نیشتمانی نەخشەرێگەیەكی داناوە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە وڵات و لە چەند رۆژی داهاتوو دەست بە جێبەجێكردنی دەكا.

پێنجشەمی رابردوو پێكهاتەكانی لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەسەر پێكهێنانی لێژنەیەكی چاكسازی پێك هاتن و دواتر راگەیندرا كە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی لێژنەكەیە و هەر پێكهاتەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە ئەندامێكی لە لێژنەكە دەبێ و كارەكەشی پشت بە نووسی كۆبوونەوەكانی هەولێر و نەجەف و هاوپەیمانیی نیشتمانی دەبەستێ.

هاوكات هەوڵەكانی لیستەكانی نەیار بۆ مالیكی بۆ لێپرسینەوە لێی لە ناو پەرلەماندا بەردەوامە.
Top