دوو گەورەكاربەدەستی مالیكی شەڕیانە
ئاژانسی هەواڵی ئوور لە سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بڵاوی كردووەتەوە كە بە هۆی كێشەی نێوان گوتەبێژی حكوومەتەكەی، عەلی دەبباغ و ڕاوێژكارە ئیعلامییەكەی، عەلی مووسەوییەوە، نیگەران بووە و لە هەوڵدایە كێشەی نووسینگەكەی چارە بكات.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە كێشە و ململانێی نێوان ئەو دوو كەسە سەرەكییەی نووسنگەی مالیكی، كاریگەریی خراپی بەسەر گوتاری میدیایی حكوومەتەوە هەیە.
چەند سەرچاوەیەك لە ناوەندی ڕاگەیاندنی حكوومەت گوتوویانە كە ئەگەر پاسەوانەكان نەبوونایە هەر وەک چۆن مووسەوی و دەبباغ، سنووری دەمەقاڵێیان بەزاند و بە دەست پەلاماری یەكیان دا، کێشەکەیان گەورەتر دەبوو.
كێشەی نێوان ئەو دوو كاربەدەستەی نووری مالیكی، بە هۆی تۆمەتبەخشینەوەیان بووە بەرانبەر بە یەكدی و پەراوێزخستنەوە بووە لە بڕیاردانی پێوەست بە بواری میدیاییدا و هەردوو لا بەمە یەكدی تۆمەتبار دەكەن.
