رەوتی سەدر: ژمارەى ئیمزاى پێویستمان هەیە و پێویستە سەركۆمار نەكەوێتە ژێر پاڵەپەستۆكان

رەوتی سەدر: ژمارەى ئیمزاى پێویستمان هەیە و پێویستە سەركۆمار نەكەوێتە ژێر پاڵەپەستۆكان
ئەمڕۆ یەكشەم ئەندامێكی رەوتى سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتیی دەكا راى گەیاند، ژمارەى رێژەیی یاسایی بۆ لێسەندنەوەى متمانە تەواو بووە و داواى لە سەركۆمار كرد كە داواكە رەوانەى پەرلەمان بكا و نەكەوێتە ژێر ئەو پاڵەپەستۆیانەى كە بەرامبەرى دەكرێ.

موشریق ناجی ئەندامی بارستەى ئەحرار لە پەرلەمانى عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) كەوتووە گوتى، هەندێك لە پەرلەمەنتارانى عێراقییە كە پێشتر ئیمزایان نەكردبوو ئێستە ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ ئەوەى ئیمزا بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكی بكەن، بەڵام بۆ ئەوەى نەكەونە بەر ترساندن و تۆقاندن لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسی ناوەكانیان ئاشكرا ناكەین.

پتر گوتى، ژمارەى پێویستی ئیمزاكان بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە سەرۆك وەزیران بەكۆتا هاتووە، بەڵام جەلال تاڵەبانى رووبەڕووی كۆمەڵێك پاڵەپەستۆ بووەتەوە، بۆیە ئێمە داواى لێ دەكەین نەكەوێتە ژێر ئەم پاڵەپەستۆیانە و دەبێ بۆ گەلی عێراق روونی بكاتەوە كە ئەو وەك پارێزەری دەستوور كەوتووەتە بەر پاڵەپەستۆ.

ناجی پتر گوتى، تاڵەبانى بەڵێنی بەبەشدارانى كۆبوونەوەى هەولێر لە نیسان/ئەپریلی رابردوو دا كە ئەگەر ژمارەی یاسایی ئیمزاى لێسەندنەوەى متمانە تەواو بوو ئەوە ئیمزاكان رەوانەى پەرلەمان دەكا، ئێستەش رێژەكە تەواو بووە و داواى لێ دەكەین كە ئیمزاكان رەوانە بكا.

هەرسێ بارستەكانى \"هاوپەیمانیی كوردستان، لیستی عێراقییە، رەوتى سەدر\"" لە هەوڵدان بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكی، پاش ئەوەى هەوڵەكانیان بەهۆى رەتكردنەوەى جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق بەرەوانەكردنى ئیمزاكان بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران نووچی خوارد، ئێستە ئەو لایانانە دەیانەوىَ بەهۆى پێشێلكردنى دەستوور و زیانگەیاندن بەهاوبەشی لە حوكم لێپرسینەوە لەگەڵ مالیكی بكەن. "
Top